0
لە ئۆسلۆ سمینارێکی کولتوری و هەر وەها دژ بە توند و تیژی لە سەر ژنان بەرێوە چو
Monday, 13 February 2012 03:30
لە ئۆسلۆ سمینارێکی کولتوری و هەر وەها دژ بە توند و تیژی لە سەر ژنان بەرێوە چو
 
ڕۆژی شەمە ڕێکەوتی ١١ی ٢ی ٢٠١٢ لە سەر بانگهێشتی ڕێکخراوێکی نۆروێژی بە ناوی ئار کۆ ئار( RKR ) سمینارێک

بۆ ناساندنی بواری فەرهەنگی ناوچەکانی کوردستان و هەر وەها پرسی توند و تیژی لە سەر ژنی کورد لە شاری ئۆسلۆی پێتەختی وڵاتی نۆروێژ بە بەشداری زیاتر لە سەد چالاکوانی سیاسی و ئەدیب و رووناکبیر بەرێوە چو. ڕێکخراوی ناو براو رێکخراوێکی نۆروێژیە کە خۆ بەخشانە کار بۆ ناساندن و هاوکاری بزووتنەوەی کورد ئەکات و زۆر لە مێژە هەوڵێکی دڵسۆزانە و خەمخۆرانەی لە مەڕ پرسی کورد و کۆمەڵگای کوردی دەست پێکردوە، کە تا هەنووکە کۆمەڵێک ئەرکی گرینگی لەم وڵاتە بە جێ هێناوە.

سمینارەکە کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆ بە کاتی ئۆسلۆ لە لایەن بەرێز ئیڤان عەلی بە فەرمی کرایەوە، ئیڤان پاش کورتەیەک شیکاری لە سەر رێکخراوەکە و ئامانجی کاری ئەو رێکخراوەیە ڕێزی بەرنامەکانی ڕاگەیاند، دواتر بەرێز دوکتۆر شەهاب ڕۆستەم، باسێکی لە سەر ناساندنی شاری خانەقین و دەوری ژن لەو ناوچەیە پێشکەش بە ئامادە بوان کرد. بە دوای ئەودا بەرێز حوسەین خەلیفە لە سەر پرسی ژنی کورد، ئایینی یاری، مێژوی یارسانەکان و هەر وەها کاریگەری ژنان لە ناوچە یارسانەکان باسێکی پێشکەش کرد، شاعێران کوێستان عومەرزادە و سامان خانەقینی بە پێشکەش کردنی چەند هەڵبەست بەشێک لە سمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد، دواتر نۆبە بە بەشدار بوان درا کە ڕا و تێبینی و پرسیارەکانی خۆیان ئاراستەی بەرێوەبەرانی سمینارەکە و هەر وەها پێشکەش کارانی باسەکان کەن.

گرووپی هونەری یارسانەکان بە پێشکەش کردنی چەند کۆپلە موزیکی کولتوری یارسانەکان، کەش و هەوایەکی تایبەتیان بە سمینارەکە بەخشی، هونەرمەند نجمان سندی چەند کۆپلەیەکی هونەری پێشکەش ئامادە بوان کرد کە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

بەشی کۆتایی سمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ شایی و خۆشی بەشداربوان کە بە هەڵپەڕكێ و سەمای کوردی تا کاتژمێر ٩ی شەو درێژەی کێشا.

پاش ٥ کاتژمێر لە کەش و هەوایەکی دۆستانەدا سمینار کۆتایی بە کاری خۆی هێنا. شایانی باسە هاوڕێیانی کۆمەڵە کە بە فەرمی بانگهێشت کرابوون، بەشداری چالاک و گەرمو گوڕیان هەبوو .

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران_ کۆمیتەی نۆروێژ

 

‌ • نوسه‌ر:کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران_ کۆمیتەی نۆروێژ
337جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:600
Share/Save/Bookmark