ژنانی کورد له درێژایی مێژوودا که‌م و زۆر له کۆمه‌ڵگای کورده‌واری و خه‌باتی گه‌لی کوردا رۆڵی خۆی هه‌بوه، ئاخۆ ئه‌مرۆ له ناو پارت و رێکخراوه کوردیه‌کاندا چ رۆڵێکیان هه‌یه؟
ئا: سوله‌یمان ئه‌بووبه‌كری
پرسیار: هاوڕێ عه‌بدوڵلاَ، له رۆژانی رابردوودا دووهه‌مین پلێنۆمی كومیته‌ی ناوه‌ندیی به سه‌رپه‌ره‌شتی ئێوه وه‌ك سكرتێری گشتی كۆمه‌ڵه به‌ڕێوه چوو و راگه‌یاندنی كۆتایی ئه‌م پلێنۆمه، باس له كۆمه‌ڵێك ره‌هه‌ندی فره‌لایه‌نی بابه‌ته گرنگه‌كانی ده‌كات كه تاووتوێ كراوه و بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه، له به‌شێك له‌م راگه‌یاندنه‌دا باسی پێویستی پێكهاتنی به‌ره‌ی فراوانی دێمۆكراسیخوازی له نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ده‌كات كه چه‌ند ساڵه هه‌وڵی بۆ ده‌درێت، به‌ڕای ئێوه سه‌ره‌كی ترین گرفته‌كانی به‌رده‌م پێكهاتنی وه‌ها یه‌كگرتنێكی فراوانی دێمۆكراسیخوازی له بارودۆخی ئێستا كامانه‌ن؟
عه‌بدوڵڵا موهته‌دی: گه‌وره‌ترین گرفتێكی كه له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا بۆ پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی به‌فراوانی دێمۆكراسیخوازی له‌ئێران هه‌بووه، بریتی بووه له په‌رته‌وازه بوون و ناهه‌ماهه‌نگی له‌ناو لایه‌ن‌و به‌شه جۆره‌به‌جۆره‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا. جارێ كه‌لێنێكی گه‌وره له‌نێوان ئۆپۆزسیۆنی ناوه‌و ئۆپۆزسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌بووه‌و ئه‌وانه زمانیان‌و زۆرجار گوتار‌و كه‌سایه‌تییه‌كانیان و شێوازی خه‌باتیشیان به‌ڕاستی یه‌ك جۆر نه‌بووه. گه‌وره‌ترین خزمه‌تێكی كه بزووتنه‌وه‌ی دێمۆكراسیخوازی دووساڵ له‌مه‌وپێشی ئێران كردی، بریتی له‌وه‌بوو ئه‌و دیواره‌ی نێوان ئۆپۆزسیۆنی دێمۆكراسیخوازی ناوخۆی ئێران له‌گه‌ڵ هی ئۆپۆزسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی له‌ناو برد، زمانیانی له‌یه‌كتری نزیك كرده‌وه، كه‌سایه‌تییه‌كانی له‌یه‌ك نزیك كرده‌وه، په‌یوه‌ندێكی زۆر چڕ‌و پڕی له‌نێوانیاندا پێكهێنا، هه‌رچی هی ناوه‌وه‌بوون، نه‌یانده‌توانی به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا مه‌سه‌له‌ی گۆڕانی سیستم بهێننه گۆڕێ‌و زۆرتر خۆیان له‌چوارچێوه‌و شكڵی كۆمه‌ڵێك داخوازیدا فۆڕموڵه ده‌كرد. هه‌رچی هی ده‌ره‌وه‌بوون، ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی رووخان‌و لابردنی رژیمیان له‌به‌ر چاو بوو و ئاڵ‌و گۆڕ و ورده‌كاریی ئاڵۆگۆڕه كرده‌وه‌ییه‌كانی ناوخۆیان به‌باشی تاوتوێ نه‌ده‌كرد. بزووتنه‌وه‌ی دووساڵ له‌مه‌وپێش ئه‌و دووانه‌ی له‌یه‌ك نزیك كرده‌وه. ئێستا هه‌مووان كۆكن هه‌م له‌سه‌ر گۆڕانی سیستم‌و رژیم‌و هه‌م له‌سه‌ر ئه‌و پلاتفۆرمه‌ی كه ده‌بێت ببێت.
هۆكارێكی دیكه ئه‌وه بوو كه ئۆپۆزسیۆنی ئێران له ده‌ره‌وه‌ش بۆ خۆی پچڕپچڕ، له‌یه‌ك جیاواز‌و په‌رته‌زوازه بوون، ئاماده‌یی دانیشتنیان له‌ناوخۆیاندا نه‌بوو، تۆلێرانس‌و یه‌كتر قه‌بوڵكردن كه‌م بوو. گۆڕانێكی پۆزێتیڤ كه له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا له‌ناو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی‌دا روویداوه بریتییه له‌وه كه هه‌موو لایه‌نێك ئێستا ئاماده‌ن بۆ بیستنی رای به‌رامبه‌ر‌و دیالۆگی دێمۆكراتیك له‌ناوخۆیاندا زۆرتره، له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌وه‌ش وای كردووه یه‌كتر قه‌بوڵكردن‌و هه‌ڵس‌و كه‌وتی به‌شه جۆربه‌جۆره‌كانی ئۆپۆزیسیۆن وه‌ك چه‌پ‌و لیبڕاڵ‌و تا ده‌گاته ئۆپۆزسیۆنی كوردی‌و ئۆپۆزسیۆنی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كانی ئێران، كه جاران هه‌مووی ئه‌وانه زۆر له‌یه‌ك دوور بوون و ئاماده‌ی دانیشتن له‌گه‌ڵ یه‌كتری نه‌بوون، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا ئاماده‌گییان زۆرتربووه بۆ كاری هاوبه‌ش و خودی گۆڕانكارییه‌كانی ئێران و ئاسۆی ئه‌وه‌یكه ئێران دره‌نگ یان زوو ده‌گۆڕدرێت، ئه‌وه‌ش خه‌ڵكی خستۆته جۆرێك په‌له كردن له‌كاره‌كاندا. هه‌مووی ئه‌وانه ده‌توانم بڵێم وای كردووه كه ئێستا بارودۆخه‌كه ئاماده‌تره له‌جاران، ئه‌گه‌رچی من ئێستاش ناتوانم له‌سه‌دا سه‌د بڵێم هه‌موو بارودۆخ‌و مه‌رجه‌كانی به‌ره‌یه‌كی دێمۆكراسیخوازی له ئێران ئاماده‌یه، به‌ڵام ده‌كرێت بڵێم له‌چاو ساڵانی رابردوودا ئاماده‌یی زۆرتره‌و ئێمه بۆخۆمان هیوامان بۆ ئه‌وه‌یكه شتێكی وه‌ها له‌داهاتووی ئێران‌دا سه‌ر بگرێت، زیاتره.
پرسیار: هاوڕێ عه‌بدوڵڵا، جه‌نابتان باستان له‌نزیكییه‌كان كرد، به‌ڵام ده‌توانن ئاماژه به ئه‌و خاڵه جیاوازانه زیاتر بكرێت كه له‌نێوان ئۆپۆزسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و ناوخۆی ئێران له‌ئارادایه؟
عه‌بدوڵڵا موهته‌دی: ئێستا به‌و زه‌بر‌وزه‌نگ‌و گرتن‌و كوشتن‌و لێدانه‌ی كه رژیمی كۆماری ئیسلامی ده‌یكات، ئاسان نییه بۆ كه‌سانێك كه له‌ناوخۆدا چالاكی ده‌كه‌ن، وه‌كوو ئۆپۆزسیۆنی ده‌ره‌وه راشكاوانه قسه بكه‌ن، هه‌رچه‌ند به‌ڕاستی ده‌بیندرێت كه زۆر راشكاوانه‌تر له‌جاران به‌رامبه‌ر به رژیم ده‌دوێن. به‌ڵام دیسانیش بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆ زۆر ئاسان نییه وه‌كوو ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی كه له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژی‌و له‌ماوه‌ی سی ساڵ له‌مه‌وپێشه‌وه دژی كۆماری ئیسلامی بووه بدوێ و هه‌ڵسوكه‌وت بكا. دیاره كارێكی ئاسان نییه بۆ كه‌سایه‌تییه‌ك كه له‌ناوه‌وه ده‌ژی بچێته به‌ره‌یه‌ك كه راسته‌وخۆ لابردن‌و رووخاندنی ئه‌م رژیمه‌ی له‌به‌ر چاوه. دووهه‌میش كۆكردنه‌وه‌ی گشت ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌به‌ره‌یه‌كدا ئه‌ركێكی قورسه و كاری وردی پێویسته، به‌ڵام من پێم وایه به ناوه‌ڕۆك ئێستا زۆر له‌یه‌ك نزیكترین. به‌بڕوای من ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ به‌ره‌یه‌كی دێمۆكراسیخوازی هه‌نووكه سه‌ر بگرێت، ده‌بێ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات شكڵ بگرێت و ئێستا له ناوه‌وه ده‌رفه‌ت نه‌ماوه. به لێكدانه‌وه‌ی من ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆش هاوئاهه‌نگیت له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، جا به ره‌سمی و به‌ئاشكراش نه‌چووبنه ناوییه‌وه، عه‌مه‌له‌ن ده‌توانن هاوئاهه‌نگیت له‌گه‌ڵ بكه‌ن. هه‌تا دووساڵ له‌مه‌وپێش كه بزووتنه‌وه‌كه له‌ناوخۆی ئێران سه‌ری هه‌ڵدابو‌و و به‌رده‌وام بوو، زۆر كه‌س پێی وابوو كه رێبه‌رایه‌تییه‌ك له‌وێ له‌حاڵی دروست بوون دایه. ئه‌و كاته سه‌رنجه‌كان هه‌مووی به‌ره‌و ناوه‌وه بوون، به‌ڵام ئێستا كه ئه‌و گیرانانه هاتوونه‌ته پێشه‌وه، له‌راستیدا رێبه‌رایه‌تییه‌ك له‌ناوخۆ به‌دی ناكرێت كه بزووتنه‌وه‌كه به‌ڕێوه به‌رێت، بۆیه جارێكی دیكه سه‌رنجه‌كان چۆته‌وه ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و ئه‌وه‌یكه پێویسته جۆرێك مه‌رجه‌عییه‌ت، جۆرێك سه‌ركردایه‌تی، یان ناوه‌ندێك بۆ هاوئاهه‌نگكردنی خه‌باتی دێمۆكراسیخوازی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات پێك بێت. حاڵی حازر له‌ناوخۆی ئێران، رژیم ده‌رفه‌تی شكڵ گرتنی رێبه‌رایه‌تییه‌ك نادات، هه‌نووكه من به ئه‌سته‌می ده‌بینم له‌ناوخۆی ئێرانه‌وه رێبه‌رایه‌تییه‌ك دروست بكرێت. بۆیه ئێستاكه سه‌رنجه‌كان جارێكی دیكه روو له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن. ئه‌گه‌ر وه‌ها ئیئتیلافێك به‌باشی له ده‌ره‌وه پێك بێ و بتوانێ فره‌لایه‌ن بێت‌و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ره‌وته سیاسییه ئازادیخوازه‌كانی ئێران نوێنه‌رایه‌تی بكات، پێم وایه له‌ناوه‌ش پشتگیری لێ ده‌كرێت.
پرسیار: به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌زموونی خۆتان له‌م بواره‌دا، داهاتووی فۆڕمگرتنی وه‌ها یه‌كگرتنێكی دێمۆكراسی خوازی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێن و ئایا پێتانوایه له داهاتووی نزیكی پێش هه‌ر ئاڵوگۆڕێكی گه‌وره‌ی سیاسی، وه‌ها پرسێك بكه‌وێـته قۆناغی جێبه‌جێ كردنه‌وه؟
عه‌بدوڵڵا موهته‌دی:له‌ڕاستیدا هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه، ئه‌وه به هه‌وڵ‌و تێكۆشان ده‌كرێت. ئێمه چ وه‌كوو كورد‌و چ وه‌كوو كۆمه‌ڵه به تایبه‌تی هه‌وڵی زۆرمان داوه ده‌ورو نه‌قشمان بێت له فۆڕمگرتنی قه‌واره‌یه‌كی ئاوا، واته جۆرێك رێبه‌رایه‌تی، مه‌رجه‌عێك، ناوه‌ند‌و ناوه‌نداره‌یه‌تییه‌ك بۆ رێبه‌رایه‌تی كردنی بزووتنه‌وه‌ی دێمۆكراسیخوازی له‌دژی كۆماری ئیسلامی سه‌ر بگرێ. بۆچیش ئه‌وه ده‌كه‌ین؟ دیاره پێمان وایه كه لابردنی ئه‌و رژیمه هه‌وڵ‌و هیممه‌ت‌و هاوكاریی هه‌موو لایه‌كی ده‌وێت‌و كوردیش ده‌بێت ده‌وری خۆی بنوێنێت، به‌ڵام جگه له‌وه‌ش ئه‌وه‌شمان له‌به‌رچاوه كه ئه‌گه‌ر كورد هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌پێكهاته‌یه‌كی وه‌هادا ده‌ورو نه‌قشێكی به‌رچاوی هه‌بێت، داخوازییه‌كانی خۆشی باشتر بۆ ده‌چه‌وسپێت‌و له‌داهاتووی ئێرانیشدا جێگه‌و پێگه‌یه‌كی زۆرتری ده‌بێت، بۆیه ده‌توانم بڵێم كه هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه، هه‌وڵدانێكه به‌گشتی له‌خزمه‌ت لابردنی ئه‌م رژیمه‌دا كه به قازانجی هه‌مووان و له‌وانه كوردیشه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، هه‌وڵدانێكه له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی جێگه‌و پێگه‌یه‌كی شیاو بۆ كورد هه‌ر له‌ئێستاوه بۆ داهاتوو. هه‌ر وه‌كوو باسم كرد من ئێستاكه هیوادارترم كه شتێكی ئاوا سه‌ر بگرێت‌و ده‌بێ هه‌وڵی بۆ بده‌ین. خۆشبه‌ختانه له‌ناو باقی حیزبه كوردییه‌كانیش من هه‌ولێكی وه‌ها ده‌بینم، ره‌نگ بێت هه‌موو كه‌س به‌یه‌ك راده بڕوای به‌وه نه‌بووبێت، به‌ڵام ئێستا هه‌موان ده‌زانن كورد ده‌بێ رۆڵی خۆی له‌وه‌شدا ببینێت، بۆیه من له‌كۆنفرانس‌و كۆبوونه‌وه‌كاندا ده‌بینم ئه‌حزابی كوردی هه‌مووی چالاكی خۆیان ده‌نوێنن.
پرسیار: كاك عه‌بدوڵلاَ له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندنی پلێنۆمی دووهه‌م، ئاماژه به به‌ره‌ی كوردستانی یان یه‌كگرتنێكی گه‌وره‌ی كوردستانی كراوه، جیاوازی نێوان ئه‌م دوو چه‌مكه چین؟
عه‌بدوڵڵا موهته‌دی: ئه‌وه‌یكه ئێمه به باشترینی ده‌زانین و زۆرترین هه‌وڵیشی بۆ ده‌ده‌ین، بریتییه له‌به‌ره‌یه‌كی كوردستانی. مه‌به‌ستم له به‌ره ئه‌وه‌یه كه ئێمه قاڵب و چوارچێوه‌یه‌ك پێك بێنین، كه له‌ودا هه‌موو حیزبه‌كان یان به‌شی هه‌ره زۆری حیزب‌و لایه‌نه سیاسییه‌كان‌و كه‌سایه‌تی‌و رووناكبیر‌و ئێن_جی_ئۆكان‌و رێكخراوه‌ی ژنان‌و لاوان هه‌مووی ئه‌وانه‌ی له‌ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌خۆ بگرێت. یانی هه‌موان له‌چوارچێوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌و به‌ره‌دا بتوانن جێیان بێته‌وه. ئه‌م به‌ره‌یه بۆ خۆی رێكخستن‌و دامه‌زراوه‌یه‌كی هه‌یه له‌ناوخۆیدا‌و ئیتر ته‌واوی حیزبه‌كان وێڕای ئه‌وه‌یكه سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیانیان و چالاكی‌و هه‌ڵسوڕان‌و رێكخستنی خۆیان هه‌ر ده‌مێنێت، به‌ڵام دیسانیش ده‌چنه قاڵبی ئه‌و به‌ره‌یه‌وه. به‌ره شكڵی كامڵتر و یه‌كگرتنێكی زۆر چڕوپڕتره. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كرێت مانای ئه‌وه نییه ئێمه ده‌بێ هیچ نه‌كه‌ین، ده‌كرێ له‌سه‌ر پلاتفۆرمێكی هاوبه‌ش پێك بگه‌ین، ده‌كرێ له‌سه‌ر رێككه‌وتنێكی گه‌وره پێك بێین، بۆ نموونه وه‌ك ئه‌وه‌یكه داخوازییه‌كانی كورد چۆن به‌یه‌كه‌وه فۆرموله ده‌كه‌ین، چۆن پێكه‌وه و هه‌ماهه‌نگ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ین، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌مان چۆن بێت و چۆن پێكه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ده‌ره‌وه هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین، یان له‌ئه‌گه‌ری گۆڕانی سیاسی له‌ئێراندا چۆن به‌هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری كارێكی وا بكه‌ین كوردستان تووشی ئالۆزی‌و بشێوی نه‌بێت، ئێمه پێكه‌وه هه‌وڵ بده‌ین كوردستان به‌ره‌و كوردستانێكی دێمۆكراتیك ببه‌ین له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردن، له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌هێشتنی دیارده‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی‌و تووندوتیژی‌و پێشێلكاریی مافی مرۆڤ و هتد. یانی ده‌كرێ پلاتفۆرمێكیشمان هه‌بێت كه هه‌مووان ئیلتزامی پێوه بكه‌ین، ئه‌وه‌ش جۆرێكه له هاوكاری و رێككه‌وتن. هه‌ر وه‌كوو باسم كرد، من به‌ره به یه‌كگرتووییه‌كی پته‌وتر‌و ساختاری تر ده‌زانم، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا كۆده‌نگی و رێككه‌وتنمان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك خاڵی هاوبه‌ش‌و پلاتفۆرمی هاوبه‌شیش هه‌ر ده‌توانێ به‌كه‌ڵك بێ بۆ حاڵی حازر.
پرسیار: ئه‌گه‌رچی به پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی كۆمه‌ڵه هه‌ر له كۆنفرانسی هه‌شت له هاوینی 1382ی هه‌تاویه‌وه، كۆمه‌ڵه پێشنیاری به‌ره‌ی كوردستانی به هێزه سیاسییه‌كانی دیكه ده‌كات و هه‌وڵی بۆ ده‌دات، به‌لاَم دوكتور سامان شاڵی سه‌رۆكی پێشووتری كۆنگره‌ی كورده‌كانی ئا‌مریكا «كه‌ی ئێن سی»، له لێدوانێدا ده‌ڵێك كۆمه‌ڵه هۆكاری سه‌ره‌كی سه‌رنه‌گرتنی به‌ره‌ی كوردستانییه له قۆناغێكدا، روونكردنه‌وه و وه‌ڵامی ئێوه بۆ ئه‌م قسه‌یه چییه؟
عه‌بدوڵڵا موهته‌دی:هه‌ر وه‌كوو ئاماژه‌شت پێكرد، ئێمه نزیكه‌ی 10 ساڵه له‌سه‌ر پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی كار ده‌كه‌ین، بیرۆكه‌كه‌یمان له‌كوردستان بڵاو كردۆته‌وه، رای گشتیمان بۆ راكێشاوه، له‌سه‌ری دواین‌و له‌گه‌ڵ حیزبه‌كان‌و كه‌سایه‌تییه‌كانیش هه‌وڵمان بۆ داوه‌و كارمان بۆ كردووه. من كۆمه‌ڵه زۆر زۆر به په‌یگیر‌و جیددی ده‌زانم له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا و له زۆر هه‌وڵیشدا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌شداری كردووه. كاك دكتۆر «سامان شاڵی» ته‌نیا له‌قۆناغێكی بچووكی یه‌ك مانگه‌دا له‌و 10 ساڵه ئاگای لێیه‌تی‌و ئه‌ویش به‌داخه‌وه قسه‌یه‌ك ده‌كات كه له‌ڕاستی به‌دووره‌و پێشم سه‌یره كه چۆن ئیزنی به‌خۆی داوه كه شتێك بڵێت كه سوور ده‌زانێت وانییه. كێشه‌كه ئه‌وكاتی له‌سه‌ر به‌ره نه‌بوو، له‌سه‌ر یه‌ك تاقه دانیشتن بوو، كه چلۆن دانیشتنێك بكه‌ین، ئه‌وه‌ش بڵێین ئه‌و كاته ئه‌و جیابوونه‌وانانه له‌ناو حیزبه كوردییه‌كاندا نه‌هاتبووه ئاراوه. بۆ ئه‌و دانیشتنه‌دیاریكراوه ئێمه رایه‌كمان هه‌بوو پێمان وابوو یان هه‌موو حیزبه كوردییه‌كان دانیشن، یان ئه‌گه‌ر حیزبی دێمۆكرات پێی خۆشه دووقۆڵی داده‌نیشین، ئێمه به هه‌ردووك بژارده رازی بووین. حیزبی دێمۆكرات ئه‌وكات رایان وانه‌بوو، به‌ڵكوو بژارده‌یان ئه‌وه بوو كه ژماره‌یه‌كی دیاریكراو له حیزبه‌كان كه ئه‌وان ره‌ئیان له‌سه‌ر بوو له‌و دانیشتنه‌دا به‌شداری بكه‌ن و ژماره‌یه‌كیان نه‌یكه‌ن. ئێمه ئه‌و هه‌ڵاواردنه‌مان بۆ هه‌ندێك له‌حیزبه‌كان قه‌بوڵ نه‌بوو، ده‌نا هیچ كات كێشه‌مان بۆ سه‌ر دانیشتنی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حیزبی دێمۆكرات یان له‌گه‌ڵ هیچ حیزبێكی دیكه نه‌بووه. كێشه‌كه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر پێكهێنانی به‌ره نه‌بوو، به‌س له‌سه‌ر دانیشتنێكی دیاریكراو بوو كه باسم كرد. ده‌نا به‌پێچه‌وانه‌ی وته‌كه‌ی دوكتور سامان شاڵی نه مه‌سه‌له‌ی پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی له‌ئارادا بووه نه كۆسپ‌و ته‌گه‌ره خستێنك له‌لایه‌ن ئێمه‌وه له‌سه‌ری بووه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئێمه هه‌میشه خوازیاری پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی بووین‌و هه‌ین. دواتریش له‌و دانیشتنانه زۆر كراوه و هیچ كێشه‌یه‌كیش له‌و باره‌یه‌وه‌نه‌ماوه‌ته‌وه كه كاك دكتۆر سامان شالی نه خه‌به‌ریشی لێی هه‌یه و نه گوێشی داوه‌تێ. دوكتور سامان شالی كه له ئه‌مریكاوه هاتبوه‌وه، نه ئاگایه‌كی زۆری له بارودۆخه‌كه هه‌بوو، نه مێژووی كێشه‌كه‌ی ده‌زانی و نه‌ده‌ورێكی زۆر پۆزێتیڤیشی گێڕا. به‌داخه‌وه ته‌وازوعی پێویستیشی نه‌بوو، پێی وابوو تا ئه‌و له ئه‌مریكاوه نه‌هاتۆته‌وه و ده‌می له سیاسه‌ت وه‌رنه‌داوه، كه‌س هیچی له‌و باره‌یه نه‌زانیوه و نه‌كردووه و هه‌ر ماوه‌ته‌وه ئه‌و بێت و بڵێ: داده‌ی، كوڕینه كۆوه‌بن! سیاسه‌ت زۆر جار كه‌سی ئاوا غه‌واره‌شی تێده‌كه‌وێ.
پرسیار: له‌وانه‌یه تائێستا له‌ماوه‌ی ئه‌و 10 ساڵه‌دا، وێڕای ئه‌وه‌یكه هه‌وڵێكی زۆر بۆ پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی دراوه‌و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه تا ئێستا سه‌ری نه‌گرتبێت، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا چ هه‌وڵ‌و چالاكیگه‌لێك له‌م بواره دراوه كه ده‌توانرێت وه‌ك كار‌و چالاكی پۆزێتێڤ ناوی لێببه‌ن؟
عه‌بدوڵڵا موهته‌دی: من پێم وایه ئه‌گه‌رچی به‌ره پێك نه‌هاتووه، به‌ڵام به‌و مانایه‌ش نییه هیچ ده‌ستكه‌وت نه‌بووه له‌بواری به‌ره‌دا. من گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی هه‌وڵه‌كانمان به‌وه ده‌زانم كه بیرۆكه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی وه‌ك شتێكی پیرۆز، وه‌كوو شتێكی پۆزێتیڤ، وه‌كوو ئامانجێك هاتۆته ئاراوه.
ئاخر له‌بیرمان نه‌چێت ماوه‌ی 8 تا 10 ساڵ له‌مه‌وپێش گاڵته به به‌ره‌ی كوردستانی ده‌كرا‌و به شتێكی غه‌یره واقیعی ده‌ناسرا. له‌به‌ر ئه‌وه من گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وت به‌وه ده‌زانم كه گه‌لی كورد، رای گشتی گه‌لی كوردستان، له‌ناو حیزبه سیاسییه‌كان، له‌ناو رووناكبیران، رۆژنامه‌نووسان‌و كۆمه‌ڵانی فراوانی گه‌لی كورد، ئێستا له‌هه‌میشه زیاتر خوازیاری ئه‌و رێككه‌وتنه، ئه‌و پێكهاتنه یان به‌ره كوردستانییه‌ن، من ئه‌وه به ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره ده‌زانم‌و مانای ئه‌وه‌یه هیچ لایه‌نێك ناتوانێت ئه‌و داخوازییه گه‌وره كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و سیاسییه له‌كوردستان له‌به‌ر چاو نه‌گرێت.
دووهه‌مین خاڵ ئه‌وه‌یه كه خودی حیزبه‌كان چه‌نده‌ها جار له‌ده‌وری یه‌كتری كۆكردۆته‌وه‌و دانیشتن بووه و هه‌ندێك جار هه‌نگاوی باشیش هه‌ڵگیراوه. من به هه‌ڵسه‌نگاندنی له‌گه‌ڵ جاراندا، تێگه‌یشتن و ته‌فاهوم له‌نێوان حیزبه‌كاندا ئێستا به زۆرتر ده‌زانم.
دووجاران ئێمه‌و براده‌رانی حیزبی دێمۆكرات به‌دوو قۆڵی یان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك لایه‌نی دیكه هه‌وڵمان داوه، ئه‌و دووجار هه‌وڵدانه‌ش ئه‌گه‌رچی هیچ كام له‌جاره‌كان به ئاكامی نیهایی نه‌گه‌یشت، به‌ڵام ئه‌زموونێكی داوه‌ته ده‌ستمان كه چۆنی هه‌وڵ بۆ بده‌ین‌و له‌كه‌م‌و كوڕییه‌كانی جاری پێشوو ده‌رس وه‌رگرین. شتێك كه ئه‌م سێ_چوار ساڵه تا راده‌یه‌ك په‌كی به‌ره‌ی كوردستانی خست، به‌ڕای من ئه‌و جیابوونه‌وانه‌ی ناو حیزبه‌كان بوو كه به‌داخه‌وه فه‌زای نزیك بوونه‌وه‌و هاوكاری زۆر دوور خسته‌وه و فه‌زای لێك دابڕانی هێنایه كوردستان. واده‌زانم پاش سێ_چوار ساڵ له‌م ئه‌زموونه نێگاتیڤه، ئێستا ورده ورده هه‌موان خه‌ریكن به‌و ئاكامه ده‌گه‌ن جارێكی دیكه فه‌زای به‌ره‌و یه‌كچوون‌و یه‌كترگرتنه‌وه زاڵ ده‌بێته‌وه‌و فه‌زای له‌یه‌ك دابڕان خه‌ریكه جێی پێ چۆڵ ده‌بێت، بۆیه من ئێستا پێم وایه بارودۆخ له‌بارتره له‌چاو جاران بۆ شكڵدان به به‌ره‌یه‌كی كوردستانی.
پرسیار: هاوڕێ عه‌بدوڵڵا، پێتانوایه ئه‌گه‌ر له‌هه‌لومه‌رجی هه‌ستیاری سیاسی ئێستای ئێران و كوردستان ، یه‌كگرتنی گه‌وره یان به‌ره‌ی كوردستانی له نێو هێزه سیاسییه‌كانی كورد نه‌یه‌ته ئاراوه، چ خه‌سارگه‌لێك له بزووتنه‌وه‌ی كوردی رۆژهه‌لاَت ده‌كه‌وێت هه‌م له ئاستی جیهانی و هه‌م له ئاستی ناوچه‌یی و ناوخۆییدا؟
عه‌بدوڵڵا موهته‌دی: بێتوو به‌ره‌یه‌ك یان یه‌كگرتنێكی گه‌وره له‌نێوانمان پێك نه‌یه‌ت، ئێمه زۆر زیانی گه‌وره‌مان لێده‌كه‌وێت‌و له‌گۆڕانكارییه‌كانی داهاتوودا كورد سه‌ری بێ كڵاو ده‌مێنێته‌وه. جارێ پێش هه‌موو شتێك ئه‌گه‌ر ئێمه به‌یه‌كه‌وه بین و یه‌ك بگرین و یه‌كده‌نگ وه‌كوو كورد له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بكه‌وینه هه‌ڵس‌و كه‌وت‌و مامه‌ڵه‌و به‌شداریكردن له‌و یه‌كگرتنه گه‌وره دێمۆكراسیخوازییه‌ی ئێرانی‌دا، له‌م كاته دایه، له‌م حاڵه‌تی یه‌كگرتووییه دایه كه ئێمه ده‌توانین داخوازییه‌كانی خۆمان بچه‌سپێنین و من به دووری نابینم كه فێدراڵیزمیش قه‌بوڵ بكرێ. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه له‌نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا فێدراڵیزم قه‌بوڵ بكرێ، من به ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ی ده‌زانم نه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌عده‌و به‌ڵێن بۆ داهاتوو بدرێت و هه‌موو شتێك بمێنێته‌وه بۆ دوای گۆڕانی رژیمی ئێران.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه وه‌كوو ئه‌حزابی كوردیی رۆژهه‌ڵاتیش هه‌ر له‌ئێستاوه ده‌نگمان زۆر ده‌بێت، ره‌نگمان زۆر ده‌بێت، قسه‌مان زۆر ده‌بێت‌و قورسایی‌و پێگه‌مان زۆر ده‌بێت نه‌ك هه‌ر له ئێران به‌ڵكوو له ناوچه‌كه و له دنیاش، هه‌ر له‌م هه‌رێمه‌ی كوردستانه‌وه بگره نرخمان ده‌چێته سه‌رێ و سه‌نگمان قورسایی زیاتری ده‌بێت تا ده‌گاته ئه‌مریكا ئوروپا و كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی‌و به‌ڕاستی هه‌موو كه‌س ئاوا باشتر قه‌بوڵمان ده‌كات.
كه دێینه سه‌ر ناوخۆی كوردستانی ئێرانیش ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت كه ئه‌گه‌ر به‌ره‌یه‌كی كوردستانی نه‌بێت، ئه‌گه‌ری ئاڵۆزی‌و ناهاوئاهه‌نگی‌و جۆرێك له به‌لاڕێداچوون و زۆرێك له‌م مه‌ترسییانه له‌ئارادا ده‌بن، له‌حاڵێكدا ئه‌گه‌ر به‌ره‌یه‌كی كوردستانی هه‌بێت، من واده‌زانم كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان زۆر به گه‌ش بینی‌و وره‌ی به‌رزه‌وه ده‌توانن خه‌باتیان په‌ره پێبده‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه سه‌ر نه‌گرێ له‌سه‌ر ساردكردنی دڵی خه‌ڵكیش كاریگه‌ری ده‌بێت.
ئێمه هه‌م ده‌توانین كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌ڕاستی به‌م شێوه هان بده‌ین‌و رایانكێشین‌و دڵگه‌رم‌و دڵخۆشیان كه‌ین‌و هه‌م گه‌ره‌نتیش بده‌ین كه به‌دوای گۆڕانی سیاسی‌دا كوردستان تووشی بشێوی‌و شه‌ڕی ناوخۆیی‌و ئاڵۆزی‌و پێكهه‌ڵپرژان‌و بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی‌و تاڵان‌و بڕۆ نابێت. ئاخر مه‌ترسی گشت ئه‌و ئه‌گه‌رانه هه‌یه. ئه‌گه‌ر به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی رێك‌وپێك هه‌بێ، ماڵی خه‌ڵكی كوردستان، كه‌رامه‌ت‌و رێزیان و ئه‌منییه‌تییان ده‌پارێزرێت‌و نێوانی خودی حیزب‌و لایه‌نه‌كانیش، نێوانێكی خۆش ده‌بێ له‌گه‌ڵ یه‌كتری و تووشی هیچكام له‌و مه‌ترسیانه نابێ. به‌و جۆره‌یه كه كوردستانی داهاتوو سه‌ره‌تایه‌كی پۆزێتیڤی بۆ ده‌ست پێكردنی ژیانی ئازادی خۆی ده‌بێ.
• نوسه‌ر: ئا: سوله‌یمان ئه‌بووبه‌كری