0
بارزانى: ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیى خۆمان راگه‌یاند ته‌حه‌مولى هه‌موو پێشهاته‌كانیش ده‌كه‌ین
Saturday, 29 October 2011 04:20
بارزانى: ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیى خۆمان راگه‌یاند ته‌حه‌مولى هه‌موو پێشهاته‌كانیش ده‌كه‌ین
 
مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رنامه‌یه‌كى ته‌له‌فزیۆنیدا، نورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به‌ به‌رپرسیارى یه‌كه‌م زانى له‌ جێبه‌جێنه‌كردنى ده‌ستوور

.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رنامه‌ى (نقطة النظام) له‌ كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌، كه‌ كاژێر 8:30 شه‌وى 28/10/2011 په‌خشكرا، سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستوورى عێراق گوتى "ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ عێراق ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌ جێبه‌جێنه‌كردنى ده‌ستوور، ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ده‌بێ ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات، نورى مالیكى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌".

 

هه‌ر له‌ باره‌ى ده‌ستووره‌وه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رنامه‌كه‌ ره‌خنه‌ى له‌ حكومه‌تى عێراق گرت و گوتى "حكومه‌تى عێراق یه‌كلایانه‌نانه‌ ده‌ستوور به‌ تێڕامانى خۆى شى ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر لایه‌نێك به‌ ئاره‌زووى خۆى ده‌ستوور شى ده‌كاته‌وه‌".

 

سه‌باره‌ت به‌ مافه‌كانى كورد له‌ ده‌ستوورى عێراق، بارزانى گوتى "ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستوور بۆ كورد هاتووه‌، كه‌متر له‌وه‌ قبوڵ ناكه‌ین".

 

بارزانى زۆر به‌ توندى وه‌ڵامى ئه‌و قسانه‌ى دایه‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێن كورد پتر له‌ ده‌نگى خۆیان، ئیمتیازات و پۆستیان له‌ حكومه‌تى عێراق پێدراوه‌و گوتى "له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌ كورد نه‌ته‌وه‌ى دووه‌مه‌، نابێ به‌راوردى هه‌رێمى كوردستان به‌ ژماره‌ى ئه‌ندامانى كورد له‌ په‌رله‌مانى عێراق بكه‌ین".

 

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌و به‌رنامه‌یه‌ گوتى "گه‌لى كورد چ بڕیارێك بدات، ئێمه‌ پابه‌ند ده‌بین به‌و بڕیاره‌، ئه‌گه‌ر بڕیارى سه‌ربه‌خۆیش بدات، ئێمه‌ پابه‌ند ده‌بین به‌و بڕیاره‌، مافى چاره‌ى خۆنووسین مافى ره‌واى هه‌موو گه‌لێكه‌، ئێستاش ناوچه‌كه‌ گۆڕاوه‌، وه‌كو پێشتر نییه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیى خۆمان راگه‌یاند ته‌حه‌ممولى هه‌موو پێشهاته‌كانیش ده‌كه‌ین".

 

هه‌روه‌ها له‌باره‌ى بارودۆخى سه‌ر سنووره‌كان، بارزانى ده‌ڵێت "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ توندوتیژى نین، راسته‌ ئێمه‌ 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خه‌باتى چه‌كداریمان كردووه‌ بۆ كوردستان، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌و ده‌بێ به‌ شێوازێكى ئاشتیانه‌ داواى مافى خۆیان بكه‌ن، كورد ده‌توانێ له‌ناو په‌رله‌مان شه‌ڕى خۆى بكات".

 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رنامه‌كه‌ ره‌خنه‌ى له‌ هه‌ڵوێستى ئۆپۆزیسیۆنى سورى گرت و گوتى "ئۆپۆزیسیۆنى سوریا تا ئێستا له‌ داواكارییه‌كانى كورد نه‌گه‌یشتوون، هیچ هه‌ڵوێستێكى پۆزه‌تیڤیان نه‌بووه‌، به‌رامبه‌ر دۆخى كورد و داواكانى كورد له‌ سوریا، ئێمه‌ پاڵپشتى داواكانى كورد ده‌كه‌ین له‌ سوریا، مه‌رجیشمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد توندوتیژى به‌كارنه‌هێنێت له‌ سوریا".

‌ • نوسه‌ر:رووداو-ئه‌لعه‌ره‌بیه‌
 • سه‌رچاوه: رووداو-‌‌
457جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:375
Share/Save/Bookmark