بروسکە : شرۆڤەی هەوال : رژێمە دیکتاتۆرەکان لە رێگای جۆراوجۆرەوە بۆ خزینە ناو رێکخراوە و پارتە نەیارەکانیان هەول دەدەن تا .
بتوانێن لەم رێگایەوە زەبرێک لەم رێکخراوانە و هەروەها بزوتنەوەکەیان بدەن بۆ ئەم مەبەستەش رێگا و شیوازی جیاواز دەگرنەبەر
ئەندامانی خێزانی 2 کچی قوتابی لە دواناوەندیی (دەبیرستان)ی (فاتمیە) لە شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایان کرد، مامۆستای پەروەردەى ئاینی لە قوتابخانەکە ئافرەتێکە بەناوی (خانمی رۆستەمی) کە خۆی شیعەیە بە قوتابییانی کچی گوتووە "فەساد لە کۆمەڵگەدا پەرەی سەندووە و پێویستە کچان بۆ خۆ پاراستنیان لە تووشبوون بە هەر رووداو و کێشەى کۆمەڵایەتی پەنا بۆ هاوسەرگیریی کاتی ببەن و سیغەى ئیسلامی باشترین رێگەیە تا کوڕانیش لە کێشەى جۆراوجۆر بپارێزن".
ئەو مامۆستا ئافرەتە بە راشکاوی داوای لەو کچە قوتابییە کوردانە کردووە "پێویستە ئامادەکاری بکەن بۆ ئەوەى لەسەر دەستی ئاینی شیعە سیغەى ئیسلامی قبوڵ بکەن و هاوکار بن لەوەى فەسادی کۆمەڵایەتی لە ناو کوڕان و کچاندا بڵاو نەبێتەوە".
لەبارەى ئەوەى کە بەپێی ئاینی شیعە سیغەکردن بۆ ژن و بێوەژن دەبێ نەک کچ، سەرچاوەکە روونی کردەوە "ئەو داوایە بەشێوەیەک کراوە تا کچان هاوسەرگیریی کاتی قبوڵ بکەن، ئیتر ناوی چی لێ دەنێن یان بیانووەکە چییە، نازانم".
برای یەکێک لەو کچانە لە پیرانشارەوە گوتی، "حەوتووی رابردوو هەر دەستبەجێ پاش ئەوەى خووشکەکەم باسی ئەو داوایەى مامۆستاکەی بۆ کردین، پاش بەدواداچوون بۆم دەرکەوت کچانی تریش لە قوتابخانەکە ئەو داوایەیان لێ کراوە، بۆیە سەردانی هەندێک بەرپرسی پەروەردەییم لە شارەکە کرد، داوام کردووە چاوم بە بەڕێوەبەری پەروەردەى پیرانشار بکەوێ، بەڵام تا ئێستە وەڵامی روونیان نییە"، هەروەها لە بەشێکی قسەکانیدا نەیشاردەوە کە "واز لەو پرسە ناهێنم و ئامادەم هەموو شت بکەم تا رێگە نەدەم دەست بۆ شەڕەف و نامووسمان ببەن".
مامۆستایەکی کورد لە قوتابخانەیەکی کوڕان لە شاری مهاباد کە ویستی ناوی ئاشکرا نەکرێ و زیاتر لە 15 ساڵە لە کەرتی پەروەردەى ئەو وڵاتەدایە گوتی، "بەرپرسانی پەروەدەیی بە شێوەیەکی زۆر رێکوپێک هەوڵی گۆڕینی مامۆستایانی پەروەردەى ئاینی دەدەن، بەشێوەک کە دەتوانم بڵێم نێزیکەى هەموو مامۆستایانی ئاینی لە قوتابخانەکان شیعەن و کورد یان سوننە نین"، هەروەها لەبارەى دیاردەى داوای سیغەى ئیسلامی و هاوسەرگیریی کاتی لە کچانی کوردەوە گوتی، "خۆم لە قوتابخانەی کوڕانم، بەڵام شتێکی سەیر نییە، ئەوان باسی هەموو شتێکی شیعە دەکەن و ئەو بابەتەش بەشێکی ئاشکرایە لە مەزەبی شیعە".
لای خۆیەوە، مامۆستا ئیسماعیل سوهرابی، کەسایەتی ناسراوی ئاینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و جێگری پێشووری بەرپرسی یەکەتیی زانایانی ئاینیی کوردستانی ئێران گوتی، "ئەو پڕۆژانە زیاتر روویان لە ئاینی تەشەیوعە هەرچەندە لای شیعەش وەک جاران بەها و بایەخی پێ نادرێ. لەگەڵ هاتنی سیستەمی کۆماری بەناو ئیسلامی لە ئێران، لە جیاتی ئەوەى رێگە لە بێ ئەخلاقی بگیرێ، زیاتر پەرەی پێدراوە، ئێستەش نیازی حکوومەت لە هێنانەگۆڕێی سیغەى ئیسلامی تەنیا هەوڵێکە بۆ ئەوەى خۆی شتێک دروست بکا و بەدڵی خۆی سوودی سیاسی لێ وەبگرێ، ئەگینا ئێستەکە رۆشنبیران و قوتابییانی زانکۆ دیاردەى لەوشێوەیە قبوڵ ناکەن و رەتی دەکەنەوە".
روونی کردەوە، "حکوومەتی ئێران پێی وایە لە رێگەى کاری لەو شێوەوە دەتوانێ بەرەنگاریی ئەو هێرشە کولتوورییەى رۆژئاوا بکا، جگە لەوەى ئێستە بەو شێوەیە ئێران هەوڵ دەدا قوتابییان لە ناو قوتابخانە بەو شتانەوە خەریک بکا، بەڵام لە راستیدا کێشەى هاوسەرگیری ئێستە بووەتە گرفتی سەرەکیی گەنجان و لاوانی کورد لە رۆژهەڵات و بەئەنقەست هەوڵی ئەوە دەدرێ خەڵک خەریکی ئەو جۆرە مەسەلانە بن، تەنیا بۆ ئەوەى خەڵک لە سیاسەت دوور بێ، ئێستەش بەنیازە بڵێی کە ئێمەش رێگەچارەیەکمان بۆ کێشەکانی جنسی هەیە، ئەگینا لە (بناغەى) ئیسلامدا ئێمە شتێکمان بەناوی سیغەى موەقەت نییە، ئەگەر شتێکی هەبووبێ هەر لە سەرەتاوە بەچەند قۆناغێک تەواو حەرام و قەدەغە کراوە، هەروەک چۆن هەندێک جۆرە نیکاح هەن کە نێوەنێوە پاش ئەوەى لەگەڵ کولتووری کوردیدا نەگونجان، لادران و ئێستە نەماون، ئەوەى ماوە تەنیا هاوسەرگیریی هەمیشەیییە".
لەبارەى چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەى دیاردەکە، ئەو کەسایەتییە ئاینییە پێی وابوو، "کێشەکانی ناو ئێران زۆرن و ئەگەریش یەکیان چارەسەر بکەی، تووشی یەکێکی تر دەبیەوە، بەڵام بۆ ئەو بابەتە دەکرێ لە رێگەى پێدانی رۆشنبیریی ئاینییەوە، بەتایبەت لە رێگەى مامۆستایانی ئاینییەوە خەڵک روون بکرێتەوە کە ئەو داوایەى سیستەمی پەروەردە لە کچانی قوتابخانە زیاتر مەبەستی سیاسی لە پشتە، بەڵام ئەوە رێگەچارەی ئاینی نییە کە کۆنترۆڵی بارودۆخی گەنجان بکەی، چونکە ناکرێ کچێک لە کوڕێک مارە بکەی و پاش مانگێکی دیکە لەوی وەربگری و بەیەکی دیکەى بدەیەوە، ئەوە هەمان لەشفرۆشییە و هیچ جیاوازاییەکی نییە، پێموایە ئەو ئەرکە زیاتر دەکەوێتە سەر مامۆستایانی ئاینی تا لەوبارەبەرەیەوە بە بوێری بێنە مەیدانەکە".
تێبینی/ ئەم راپۆرتە لە (ژمارە 114ی گۆڤاری سڤیل)دا بڵاو بووەتەوە.
• نوسهر:هاوار بازیـان