بروسکە : شرۆڤەی هەوال : رژێمە دیکتاتۆرەکان لە رێگای جۆراوجۆرەوە بۆ خزینە ناو رێکخراوە و پارتە نەیارەکانیان هەول دەدەن تا .
بتوانێن لەم رێگایەوە زەبرێک لەم رێکخراوانە و هەروەها بزوتنەوەکەیان بدەن بۆ ئەم مەبەستەش رێگا و شیوازی جیاواز دەگرنەبەر
یاریەكە، كە ناوی Battlefield 3ە، لە رۆژی 27/10/2011ەوە ڤێرژنە كۆمپیوتەرییەكەی كەوتووەتە بازاڕەكانی ئەوروپا و تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەدا، 5 ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە. ئەو یاریە كە بە واتەی (مەیدانی شەڕ) دێت. درێژكراوەی چەند ڤێرژنێكی پێشترە كە تێیدا ژمارەیەك سەربازی ئەمریكی بە نوێترین و پێشكەوتووترین چەك دەچنە شەڕی تیرۆریستان. یاریەكە، كە لەلایەن كۆمپانیای ئەمریكی و سوێدییەوە دروستكراوە، ناوی (كوردستانی عێراق) و (سلێمانی) وەك مۆڵگەیەكی تیرۆریستان بەكاردەهێنێت. هەرچەندە ئەو تیرۆریستانەی لە یاریەكەدا باسیاندەكرێت بە كوردی قسەناكەن و زمانی ئاخافتنیان عەرەبییە، بەڵام لە یاریەكەدا بە كورد دەناسێندرێن.
چیرۆكی یاریەكە
دەستەیەك سەربازی ئەمریكی بۆ ئەنجامدانی ئەركێكی تایبەت دەچنە (كوردستانی عێراق) و لە شاری سلێمانی تووشی ژمارەیەك تیرۆریست دەبن. لە ڤیدیۆی فەرمی ناساندنی یاریەكەدا، كە لەلایەن كۆمپانیای بەرهەمهێنەر (Electronic Arts)ەوە بڵاوكراوەتەوە، سەربازەكان لەنێو بازاڕی سلێمانیدا لە كۆپتەرێك دادەبەزن. نێو بازاڕەكە چۆڵە و كەسی تێدا نەماوە، تەنیا ژمارەیەك لاشەی ئاژەڵی سەربردڕاو و كەوڵكراو هەڵواسراون و بەجیهێڵدراون. لەوكاتەدا لە دەنگی بێتەلی سەركردەی دەستە سەربازە ئەمریكییەكەوە فەرمانیان پێدەدرێ كە بەرەو "بازاڕی گۆشتەكە" بچن كە "تیرۆریستەكان خۆیان تێدا شاردووەتەوە". دوای ئەوە دەستە سەربازییەكە بەرەو شاری تاران دەڕۆن، تاوەكو رێگە لەوە بگرن كە لەوێوە بۆمبی ئەتۆمی بەرەو شارەكانی پاریس و نیویۆرك بتەقێندرێن. دوای سەركەوتنی تیمەكە لەو ئەركەیاندا، دەگەڕێنەوە و جیهان لە "كارەساتێكی مەزن" رزگاردەكەن.
لە ئێران قەدەخەكرا بەڵام كورد كێشەی نییە
هەرچەندە ماوەیەكی زۆر نییە ئەو یاریە بڵاوبووەتەوە، بەڵام دەنگدانەوەیەكی مەزنی هەبوو. بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس AFP ، یاریەكە لە ئێران قەدەخەكراوە و پۆلیسی ئەو وڵاتە هەڵیانكوتاوەتە سەر ئەو دوكانانەی سیدی فرۆشتن كە یاریەكە دەفرۆشن یان كۆپی دەكەن.
دەبێ لەنێو كورددا ئەو یاریە، كە وەك تیرۆریست دەیانناسێنێ، سەیر بكرێت؟ بەپێی بەدواداچوونی (رووداو) لە وڵاتی سوێد و هۆڵەندا زۆربەی گەنجانی كورد كێشەیەكی وایان لەگەڵ یاریەكەدا نییە. یاسین ئاكان (23 ساڵ و دانیشتووی سوێد) دەڵێ "ئەو یاریە پڕوپاگەندەیەكی ئاشكرای ئەمریكییانە و دەیانەوێ بڵێن رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لانەی تیرۆرە". یاسین دەڵێ زۆر حەزی لە یاریەكە نەبووە "چونكە هەرچەندە تیرۆریستەكان وەك كورد دەناسێنن، كەچی كەسیان بە كوردی قسە ناكەن". یاسین دەڵێ بە تامەزرۆییەوە گوێی لە قسەكردنی تیرۆریستەكان گرتووە "بەڵام سەرۆكەكەیان بە عەرەبی قسەیدەكرد و ئەوانیدیكەش زۆربەی جار بە فارسی قسەیان دەكرد". یاسین دەڵێ: "پوختەی چیرۆكەكە ئەوەیە كە ئەمریكا دەیەوێ بڵێت: ئێمە كوڕی باشین و خەڵكی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش تیرۆریستن". دەربارەی مەزەندەی هەندێك گەنجی كوردیش كە پێیانوایە "تیرۆریستەكانی كورد"ی ناو یاریەكە لە گەریلاكانی پژاك دەچن، یاسین دەڵێ بڕواناكات وابێت: "ئەوە تەنیا مقۆمقۆیەكە كە بڵاوبووەتەوە."
"فانتازیا ئازادە"
بۆتان ئالا، كە گەنجێكی كوردی تەمەن 20ساڵی دانیشتووی سوێدە، پێیوایە "یاریەكە چیرۆكێكی فانتازییە و فانتازیاش ئازادە". بۆتان دەڵێ: "یاریەكە ناڵێ كورد هەموویان تیرۆریستن، بەڵكو باسی گرووپێكی كورد دەكات كە تیرۆریستن". بۆتان پێیوایە "كورد بە یاریەك نابنە تیرۆریست، بەڵام كە ناوی كوردستان كەوتووەتە ناو یاریەكی وا مەزنەوە و كۆڵانەكانی شاری سلێمانی پیشاندەدرێن و باسی كورد دەكرێت، ئەوە زۆر خۆشە."
سیروان بەرزنجی ، 23 ساڵ، گەنجێكی كوردی دانیشتووی هۆڵەندایە. ئەو پێیوایە "نابێ ئێمە ئەو شتانە واببینین كە ئەوانەی یاریەكەیان دروستكردووە دوژمنی كوردن. نا، ئەوە یاریە و ئاساییە". سیروان دەڵێ "ئێمە بەو یاریانە و فیلم و میوزیك باشتر دەتوانین خۆمان بە جیهان بناسێنین. یاریەكە دەڵێ گرووپێكی كورد تیرۆریستن، ئەوەش ئاساییە و لە هەموو وڵاتێكدا دەكرێت گرووپێك تیرۆریست هەبن".
"با گەنجانی كورد نامەی ناڕەزایی بنێرن"
بەڵام شاد جووتیار ،26 ساڵ، كە ئەویش دانیشتووی هۆڵەندایە، رایەكی دیكەی هەیە "من دڵنیام ئەوە بە پارەی توركان كراوە. مەبەستیان ئەوەیە ئێمە و ئێرانییەكان وەك یەك پێشانبدەن. دەنا بۆچی بەتایبەتی هاتوون باسی كوردستان دەكەن". شاد داوا لە گەنجانی كورد دەكات "یاریەكە نەكڕن و نامەی ناڕەزایی بۆ كۆمپانیای بەرهەمهێنەری یاریەكە بنێرن . ئەوەی لە یاریەكەدا پیشاندراوە سووكایەتیكردنە بە كورد و ئێمەی گەنج نابێ قبووڵی بكەین."
بەرامبەر خەڵكانی دیكەش كراوە
هیوا قادر، ئەندازیارێكی كۆمپیوتەرەو بۆ چەند كۆمپانیایەكی هۆڵەندی و ئەوروپی كار لە دیزاینكردنی یاریە كۆمپیوتەرییەكان دەكات. ئەو ئەندازیارە كوردە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بەپێكەنینەوە بە (رووداو)ی گوت "ئیشەكەتان گەورەكردووە. چونكە ئەوەی ئاگای لە بازاڕی یاریە كۆمپیوتەریەكان بێت دەزانێ كە ئەو یاریانە بەپێی خواستی بازاڕ و نزیكییان لە واقیعەوە دروستدەكرێن. ئێستا كێشەی ئەمریكا و ئێران گەورەبووە و ئاساییە كە یاریە ئەمریكییەكانیش ئەوە بڵاوبكەنەوە كە باسی ئێران بكات". هیوا دەڵێ: "لە رابردوودا ئەوە بەرامبەر خەڵكانی دیكەش كراوە و كورد یەكەم كەس نین كە لە یاریە ئەمریكییەكاندا وا پێشاندەدرێن. هەم ڤێتنامییەكان، هەم عەرەبەكان و هەم ئەفغانییەكان لەپێش كورد كراونەتە كەرەستەی چیرۆكی ئەو یاریانە". لەبارەی پرسیاری ئەوەی كە تاوەكو چەند لەڕووی یاساییەوە كۆمپانیایەك مافی ئەوەی هەیە كارێكی وابكات و كەسانی دیكە بە تیرۆریست پیشانبدات، ئەو ئەندازیارە كوردە دەڵێ "قەت بیستووتە كەسێك لە وڵاتێكی رۆژئاوایی لەسەر نێوەڕۆكی رۆمانێك دەستگیربكرێت؟ یاریە كۆمپیوتەرییەكانیش وەك رۆمانن و فانتازیان."
• نوسهر:رووداو-ستۆكهۆڵم