بانگه‌وازێک بۆ/
- حزب و لایه‌نه کوردستانییه‌کان
- حزب و لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی
- هه‌موو مرۆڤێکی ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست
وه‌ک هه‌موو لایه‌ک ئاگادارن و به ده‌یان و سه‌دان جار له راگه‌یاندنه‌کان دا بڵاو کراوه‌ته‌وه، کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەی سیستماتیک و له درێژه‌ی سیاسه‌تی زه‌بر و زه‌نگ و کوشتاری بێ بەزەییانەی هاوڵاتیانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوام کاسبکاران و کۆڵبه‌رانی سه‌ر سنور ده‌کاته ئامانجی ده‌ستڕێژی گولله و تا ئێستا به سه‌دان که‌س لە رێگای دابین کردنی بژیوی ماڵ و مناڵەکانیان دا کوژران و سەدان بنه‌ماڵه‌ی هه‌ژار بە مه‌رگی باوک، برا یان هاوسەرەکانیان داخدار کردوه و هه‌وڵی داوه له‌م رێگه‌وه فه‌زای ترس به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه دا بسه‌پێنێت. تەنیا لە ماوەی ٢ حەوتوو دا، پێنج ئینسان بێ بەزەییانە کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و گیانیان لە دەست دا کە تەنانەت ئەگەر بە پێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی و لە دادگاکانی رێژیمیشدا موحاکەمە کرابان، تاوانی ساڵێک زیندانیان بەسەردا نەدەسەپا.
دیارده‌ی کۆڵبه‌ری له راستی دا خولقاوی بارودۆخی ناله‌باری ئابووری کوردستان و بە تایبەتی بنه‌ماڵه‌کانی نیشتەجێ لە نیزیک سنورە و، برسێتی و بێ ده‌ره‌تانی سهرپەرستانی ئەو بنهماڵانەی ناچار کردووە که بۆ دابین کردنی ژیانێکی باشتر، مەترسیە جۆراوجۆرەکانی کۆڵبەری و لەوانە کەمین و دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، مینە چێندراوەکان و کارەساتە سروشتیەکان بە گیان بکڕن. له راستی دا ئەم دیاردەیە دەرەنجامی سیاسه‌تی هه‌ڵه، هێشتنەوەی کوردستان لە دواکەوتوویی ئابووری دا، تێڕوانینی سیاسیانە و زاڵبوونی روانگەی ئه‌منیه‌تی کۆماری ئیسلامیە کە ماوەی پتر لە ٣٠ ساڵە بە سەر خەڵکی کوردستانی دا سەپاندووە.
بە داخەوە خەڵکی کوردستان بۆ دابین کردنی ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان تەنیا دوو رێگەیان یان لە بەردەم دا ماوەتەوە: یان ده‌بێ روو بکه‌نه شاره فارس و تورک
نشینه‌کان و به حەقدەستێکی کەم لە بەرامبەر کاری تاقەت پروکێنی کورەخانە و... پشت بچەمێننەوە یان له‌سه‌ر سنوره‌کان کۆڵبەری بکەن و مه‌ترسی کوژران و نەقوستان بوون بە گیان بکڕن. هه‌ڵبه‌ت رێگای سێهه‌میش هه‌یه و ئه‌ویش خۆ فرۆشی و جاشایهتیە که وه‌ک دیاره ئه‌و کاره به خه‌ڵکی به شه‌ره‌ف ناکرێ.
ئێمه وه‌کوو که‌مپینی ''کۆتایی بە کوشتاری کۆڵبەرانی کورد بێنن" ناره‌زایه‌تی خۆمان به‌رانبه‌ر ئه‌و کرده‌وه سیستماتیک و نامرۆڤانه‌ی رژیمی ئێران ده‌رده‌بڕین و به توندی شه‌رمه‌زاری ده‌که‌ین. داواکارین له رێکخراوه سیاسی و مەدەنیەکانی کوردستان ئێران و جیهان و سەرجەم راگەیەنەرە حیزبی و مێدیا سەربەخۆ و ئازادەکان کە بە پیل ئەم بانگەوازەوە بێن و ببن بە هۆکارێک بۆ گەیاندنی دەنگی کۆڵبەرانی کورد و بنەماڵەکانیان.
هه‌روه‌ها بانگ له سه‌رجه‌م حیزبەکان و رێکخراوەکانی مەدەنی دەکەین کە لە پێوەندیە دیپڵۆماسیەکانیان دا گرینگی زیاتر بەو تاوانەی کۆماری ئیسلامی بدەن و قوڵایی کارەساتەکە بە گوێی کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان بگەیەنن.
داوا لە هەر تاکێکی ئینساندۆست دەکەین کە وێڕای پشتیوانی لەم بانگەوازە، لە هەر رێگایەکەوە کە بۆی دەکرێ بە نووسین بە تەرجومە یان بە گەیاندنی زانیاریەکانی پێوەندیدار کە لە داهاتوودا لە لایەن کەمپەینەوە بڵاو دەکرێتەوە، بۆ ناوەندە نێونەتەوەیی و بەشەر دۆستەکان، ئەم تاوانەی کۆماری ئیسلامی لە قاو بدا.
دەستەی سەرپەرەستیی کەمپەینی " کۆتایی بە کوشتاری کۆڵبەرانی کورد بێنن
١ی رەزبەری ١٣٩٠ی هەتاوی
٢٤ی سێپتامبری ٢٠١١ی زایینی
بۆ تۆمارکردن و پشتیوانی ئەمانە ئیمەئیل و لاپەرەی فەیسبووکی کەمپینەکەن..
This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it
ئەمەش لینکی فەیسبووکی کەمپینەکەیە
http://www.facebook.com/stopkillde
