بانگه‌وازێک بۆ/
- حزب و لایه‌نه کوردستانییه‌کان
- حزب و لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی
- هه‌موو مرۆڤێکی ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست
ڕۆژی هه‌ینی ڕێکه‌وتی 02-09-2011 کاتژمێر 13:00 یه‌کی پاشنیوه‌ڕۆ
له به‌رده‌م گؤڕه‌پانی په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندی له ده‌نهاخ
بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ هه‌ڵبڕین له پێناوی به‌رگری له ڕۆڵه بێتاوانه‌کانی گه‌لی کوردستان و پاراستنی ناوچه سنوریه‌کانمان، دژی ده‌ستدرێژی و کاره‌تاوانکاریه‌کانی ڕژێمی کۆماری تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ وه‌ستانی سنوربه‌زاندن و تۆپبارانه‌کانیان...
هاوڵاتیانی به‌ڕێز و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له تاراوگه، مرۆڤ دۆستان و ویژدان زیندوکانی دونیا بانگتان ده‌که‌ین... تا به‌ده‌نگمانه‌وه بێن.. بۆ خۆپیشاندان و ڕێپێوانێکی دیموکراسی و ئاشتیانه بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندی، تا پێتان بڵێین ئێمه گه‌لێکی ئاشتی خوازین، هه‌موو ئاگادارن ماوه‌یه‌که هه‌موو دنیا به بێده‌نگی ده‌ڕواننه ئه‌و هێرشه سه‌ربازیه نامرۆڤانه‌یه‌ی کۆماری تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێران دژی خه‌ڵکی بێدیفاعی هه‌رێمی کوردستان، که تا ئێستا زۆر دڕندانه بونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ندین خانه‌واده‌ی بێ‌تاوان، شه‌هید و بریندار بکه‌ن و ڕه‌ز و باخه‌کانیان بسوتێنرێن و له زێدی باوباپیرانیان ده‌ربه‌ده‌ریان بکه‌ن، بێگومان ئه‌م کرده‌وانه هه‌مووی به‌ده‌ره له یاسا و ڕێسا نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافی مرۆڤه، به گوێره‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و به دوو تاوانی گه‌وره ده‌ژمێردرێ:
یه‌که‌میان: پێشێلکردنی سه‌روه‌ری وڵاتێکی دراوسێ و موسوڵمانه.
دووه‌میان: کوشتن و له ناوبردنی خه‌ڵکانی مه‌ده‌نی بێگوناهه به بیانوی بێ بنه‌ما و دروستکراوی جۆربه‌جۆره‌وه.
بۆیه داوا له‌سه‌رجه‌م ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، گه‌لانی ئازادیخوازی دنیا و که‌سیایه‌تیه نیشتمانیه‌کان و دۆستانمان ده‌که‌ین له هۆڵه‌ندا، ئه‌وانه‌ی بڕوایان به مافی مرۆڤ و ئازادی بیروباوه‌ڕ و دیموکراسیه‌ت هه‌یه، به ده‌نگی به‌رز له‌گه‌ڵماندا هاوار بکه‌ن، بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خه‌ڵکانی بێتاوانی دانیشتوانی گونده سنوریه‌کان و ڕه‌وه‌نده‌کانی بناری قه‌ندیل، چی دی ڕازی نابین به چاره‌سه‌ری نیوه‌ناچڵ.
به‌ڕێزان....
له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا نه‌یارانمان ئه‌م کاره‌سات و مه‌رگه‌ساته‌ی به‌سه‌ر گه‌له‌که‌مانیدا دێنن، هه‌مان جینوسایدی ساڵانی پێشووی ڕژێمی صه‌داممان، بیردێننه‌وه و هه‌مان ڕه‌فتار دووباره ده‌که‌نه‌وه، بۆیه پێویسته هه‌موومان جیاوازی بیروبۆچوون و ڕه‌نگه سیاسیه‌کانی خۆمان وه‌لا بنێین و ده‌نگی خۆمان بکه‌ین به یه‌ک ده‌نگ تا ڕاستی ئه‌م مه‌رگه‌ساتانه به ڕێکخراوه جیهانیه‌کانی، وه‌ک ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و دادگای نێوده‌وڵه‌تی لاهای بگه‌یه‌نین، که ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ی له‌سه‌ره‌وه ناومان بردن، خۆیان به مسوڵمان ده‌زانن و به‌یاننامه‌ی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤیان واژۆکردووه، که‌چی به‌م مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان و به‌ره‌جه‌ژنانه، برا بێ چه‌که مه‌ده‌نیه‌کانیان له وڵاتێکی دراوسێ و له گوندنشینانی ناوچه سنوریه‌کانیان به چه‌کی قورس ده‌کوژن و تۆپبارانی کوێرانه‌یان ده‌که‌ن و و به فڕۆکه‌ی جه‌نگی بوردومانیان ده‌که‌ن و سه‌روماڵیان ده‌سوتێنن.
به‌م په‌یام و ڕێپێوانه بیریان دێنینه‌وه... با ڕێز له یاسای نێوده‌وڵه‌تی و سه‌روه‌ری سنوری نێوده‌وڵه‌تی بگرن..! چونکه چی دی ئێمه‌ی کورد ناتوانین بێده‌نگ بین و بۆیه به‌شێوازێکی ئاشتیخوازانه هاتووین ده‌نگمان بگه‌یه‌نین به هه‌موو مرۆڤدۆستانی دونیا و باڵیوێزخانه‌کانیان له وڵاتی هۆڵه‌ندا و ڕق و توڕه‌ی تێکڕای گه‌لانی عێراقیان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نین، له‌م کرده‌وه ناجوامێرانه‌یه‌یان به‌رانبه‌ر به مرۆڤایه‌تی، که له ده‌ره‌وه‌ی سنوری وڵاته‌کانی خۆیان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، داوایان لێ ده‌که‌ین گرفته ناوخۆییه‌کانی خۆیان له‌گه‌ڵ گه‌لانیاندا به شێوازی ئاشتیانه و گفتوگۆی کراوه و دیموکراسیانه و ڕێزگرتنی مافی گه‌لان چاره‌سه‌ر بکه‌ن، مێژوو سه‌لماندویه‌تی ملهوڕی و کوشتن و بڕین و توندوتیژی تا ئه‌به‌د بۆ هیچ که‌س ناچێته سه‌ر، ئه‌م ده‌ستدرێژیه‌ی ده‌کرێته سه‌ر گه‌لی کورد له هه‌رێمی کوردستانی عێراق، کرده‌وه‌یه‌کی وه‌حشیانه‌یه دژی ساکارترین مافی مرۆڤ و یاسا مه‌ده‌نیه‌کان و ده‌بێ ڕێز له سنوری نێوده‌وڵه‌تی و سه‌روه‌ریه‌کانی بگیرێت.
بۆ پێشه‌وه بۆ وه‌ستاندنی ده‌ستدرێژیه‌کان...
با پێکه‌وه بین بۆ پاراستنی خاکی کوردستان.
به‌ڕێزان به‌م نامه‌یه داوا له هه‌موو ڕێکخراوه‌کان ده‌که‌ین هاوده‌نگمان بن، بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و هێرشه دڕندانه‌یه و لێره‌دا ناوی خۆیان تۆمار بکه‌ن، بۆ ئاماده‌بوون بۆ ڕۆژی هه‌ینی کاتژمێر 13:00 یه‌کی پاشنیوه‌ڕۆ ڕێکه‌وتی 02-09-2011 له به‌رده‌م گؤڕه‌پانی په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندی (تڤه‌یده‌کامه‌ر) له شاری لاهای (ده‌نهاخ)، له‌م ئه‌دریسه‌ی خواره‌وه.
Plein 2
2511 CR Den haag
ڕێکخراوه‌کان:
1- ڕه‌وتی بزوتنه‌وه‌ی دیموکراسی عێراقی له هۆڵه‌ندا.
2- سه‌رجه‌م ڕێکخراوه‌کانی یانه‌ی کوردی "میدیـــــا" له هۆڵه‌ندا.
3- ئینستیوتی کوردی بۆ لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی زانستی له هۆڵه‌ندا.
4- یه‌کێتیی ژنانی کوردستان- هۆڵه‌ندا.
5- ڕێکخراوی نوسه‌رانی کورد- له هؤڵه‌ندا.
6- مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری کورد – له ئه‌مستردام.
7- ماڵی کورد له ماسترێخت.
8- کۆردۆجینۆسید- چاک
9- کۆمه‌ڵه‌ی ڕۆشنبیری کوردی له ده‌نهاخ.
10- مه‌ڵبه‌ندی کلتوری ده‌نهاخ.
11- کۆمه‌ڵه‌ی کوردی له دێڵفت.
• نوسه‌ر:11 رێکخراوی سیاسی و مەدەنی