0
بە بۆنەی ٢٦ی رێبەندان رۆژی کۆمەڵە
Wednesday, 15 February 2012 05:02
بە بۆنەی ٢٦ی رێبەندان رۆژی کۆمەڵە
 
٣٣ساڵ پێش ئێستە، لە ڕۆژی ٢٦ ڕێبەنداندا ڕێکخراوێکی نوێخواز، چەپ و سۆسیالیست لە ڕۆژهەلاتی کوردستان

تێکۆشانی ئاشکرای خۆی لە ژێر ناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕاگەیاند. ئەم ڕێکخراوە بە وتەی دامەزرێنەرانی ٩ ساڵ پێشتر بە شێوەی نهێنی لە زەمانی شاهدا دامەزرا بوو. پێش لە کۆمەڵە، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش بە مێژوویەکی کۆنترەوە (مێژووی حیزبی دیموکرات دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٢٣-١٣٢٤ هەتاوی) بە هەوراز و نشێوی خویەوە لە مەیدانی خەباتی نەتەوایەتیدا حوزوری هەبووە. کە وا بوو بە هاتنە مەیدانی خەباتی ئاشکرای کۆمەلە لە کوردستانی رۆژهەڵات لە پاش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی ،کۆمەڵە و دیموکرات وەک دوو ڕێکخراوی کوردی دەست دەدەن بە چاڵاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی، تا کاتی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان. ئەم دوو هێزە کوردستانییە لە گەل ڕێکخراوی چریکە فیداییەکان کە لە کوردستان لقیان هەبوو دەست دەدەن بە خەباتی چەکداری و لە بەرانبەری هیرشی داگیرکەردا خەبات و خۆ ڕاگری دەکەن. کۆمەڵە و دیموکرات زۆر جار لە شەڕەکاندا لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامییەوە هاو خەبات و یارمەتیدەری یەک دەبن و زۆر جاریش تووشی وردە تێکهەڵچوون دەبن، تا بەداخەوە دوای شەڕی هەورامان (خەزەڵوەری١٣٦٣) ئیتر شەڕیی ئەم دوو هێزە (سەرانسەری)دەبێت. کۆمەلە وەک هێزێکی هەڵسووڕاو لە بزوتنەوی کوردستان لە هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد لە سەر مافەکانی خەڵکی کورد لە گەڵ ڕژیمدا وتووێژ دەکات. (ئەو هەیئەتە پێکهاتبوو لە مامۆستا شێخ عێزەدین، حیزبی دیموکرات، کۆمەلە و چریکی فیدایی)

کۆمەلە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٢هەتاوی لە گەل چەند لایەنی بچووکی چەپی ئێرانی لە گوندێکی سەردەشت حیزبی کومونیستی ئێرانیان پێکهێنا. ئەگەر چی بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم حیزبە، بیرۆکەیەکی شۆڕشگێڕانە و ئینسانی بوو، بەڵام لە گەڵ ڕاستیەکانی کۆمەڵگای ئێران نەهاتەوە. بۆ سەر نەکەوتنی پرۆژەی حیزبی کومونیست دەکرێت جەند هۆکار دەست نیشان بکرێت، بەڵام بە لای منەوە دوو هۆکار لە سەر نەکەوتنی ئەم پرۆژیەدا زۆرتر جێگای سرنجن: یەکەم ئەم حیزبە بێجگە لە کوردستان (ئەویش جەماوەری کۆمەڵە) لە هیچ جێگایەکیتری ئێران لایەنگری نەبوو. دووهەم هەرەس هێنانی سۆڤیەت و ئەو هێرشە بەربڵاوەی کە دەکرایە سەر کومونیزم لە دوونیادا.

ئێستە کە بەرەو پیری ٣٣ هەمین ساڵوەگەڕی ئاشکرا بوونی کۆمەلە دەڕۆین، کۆمەلە بە داخەوە دابەش بووە بە سەر چەند باڵێکدا. هەر کام لە ىاڵەکان خویان بە وەفادارانی ڕاستەقینەی کۆمەلە دەزانن. هەموویان شانازی بە ئەم مێژووە دەکەن، بەلام داخەکەم حازر نین لە بەر خاتری ئەو مێژووە هاوبەشە، بۆ یەک جاریش بووە پێکەوە دانیشتنێک بکەن. من دڵنیام هەزار کێشەو ناکۆکی لە نێو کۆمەڵەکاندا هەبێت هێشتا نزیکترین کەسن بە یەک لە باری بیر و بۆچوونەوە.

بەڵام بۆ من، کۆمەلە یانی ئەو ڕێکخراوە کە بە دەستێک ئاڵای رزگاری گەلی کوردی بە دەستەوەیە و بە ئەو دەستەکەشی ئاڵای خەباتی چینایەتی لە کوردستان! کۆمەلە دەبی بەردەوام بۆ بەرەو پێشبردنی خەباتی کرێکاران، زەحمەتکێشان و هەژارانی کوردستان ڕابەر و پێشەنگ بێت! کۆمەلە دەبێ بۆ دابین کردنی دیموکراسی، یەکسانی ژن و پیاو، ئازادی ڕادەربڕیین و پێشکەوتنخوازی لە کوردستان قسەی یەکەم بکات. سەرکردە، کادر، پێشمەرگە،ئەندام و لایەنگری کۆمەلە دەبێ نموونەی پاکی، ڕاستگۆیی، دڵسۆزی و مرۆڤدۆستی بن!

کۆمەڵەییەکان دەبێ چقڵی چاوی کۆنەپەرەستان، ملهووڕان، گەندەڵان، خوێنمژان و داگیرکەران بن.

کەسێک شانازی کۆمەڵە بوونی پێ دەبڕێ کە خەڵکی چەوساوە سەری پێ بسپێرێ!

پیرۆز بێت ٢٦ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی ئاشکرابوونی خەباتی کۆمەڵە

بەرز و بەڕێز بێت یاد و بیرەوەری شەهیدانی کۆمەڵە و سەرجەم هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان.

عەلی قەنبەری 13-2-2012زایینی

‌ • نوسه‌ر:عەلی قەنبەری 13
262جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:605
Share/Save/Bookmark