بەشێوەیەکی گشتی خۆپیشاندان بریتی یە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ڕێگەی ووتە و کردەوەوە سەبارەت بە ڕووداو و سیاسەت و دۆخێکی تایبەتی.
٢- پاوە یان هەورامان ئەم شارستانە کە دەکەوێتە رۆژئاوای کرماشان و هاو سنوورە لە گەڵ ناوچەی شارەزوورلە باشووری کوردستان، ژمارەی دانیشتوانی ساڵی ١٣٨٥ هەتاوی واتە نزیک بە شەش ساڵ پێش ٥٢٧٨٣ کەس وە ئێستە دەبێ ٦٣ هەزار کەس یان زیاتریش بن. دانیشتوانی ئەم شارستانە بە دوو زاراوەی هەورامی وە سۆرانی دەپەیڤن وە هەموویان سەر بە مەزهەبی سونی شافیعین. هەورامییەکان بێجگە لەئەم شارستانە کە سەر بە پارێزگای کرماشانە، لە سنووری شارستانی مەریوان تا نزیک شارەکانی سنە و کامیاران، بە دیوی باکووری کێوی شاهۆدا نیشتەجێن کە بە هەورامانی تەخت و ژاوەرۆ ناسراوە. لە گوند و شارە دێکانی ئەم ناوچەیەش دەکرێت بە سەوڵئاوا. تەنگیسەر، ئەوێهەنگ، نییەر، دزڵی و دەیان گوندی گەورە و بچووکی دیکە ئیشارە بکەین کە هەر وەک باسم کرد خەڵکەکەی بە زاراوەی هەورامی دەپەیڤن. سۆرانییەکانیش بێجگە لە هەورامان، شارستانەکانی جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی و ڕەوانسەریش پێکدێنن. هەروەها یەکێ لە سێ پێکهاتەکەی شارستانی سەرپیڵی زەهاون، واتە لە گەل کوردانی کەڵهووڕ زمان (بە شیعە مەزهەب و یارسانەوە). سۆرانییەکان لە شاری کرماشان، شاری قەسری شیرین و کۆمەڵێک گوندی دەوروبەری و چەند گوندی سەر بە شارستانی داڵاهۆش ( ڕێژاو و چەند گوندێکی نزیک دەشتی کرند) نیشتەجێن، کە لە باری ژمارەی دانیشتوانەوە بەرچاوترین شوێنیان، ناو شاری کرماشانە.
ئەم ناوچەیە زۆر شاخاوییە وە زستانان زۆر ساردە. کێوی شاهۆ لە ناوچەی هەورامانەوە دەست پێ دەکات وە لە پشتی شاری ڕەوانسەر دوای مەودایەکی هەشتا، نەوەد کیلۆمتری کۆتایی پێ دێت کە نە تەنیا پێناسەی ناوچەکەیە، بەڵکوو هەزاران نێرمنداڵی کورد بە نێوی ئەو کێوەوە، (شاهۆ) نێونراون.
زۆربەی خەڵکی ئەم ناوچەیە لە ڕیگای ئاژەڵداری، بنێشت کردن ڕەز وە باخ، کرێکاری وە کاسبییەوە بژێوی ژیانی خۆیان وەدەست دێنن. بەشێکیش لە خەڵکی ئەم ناوچەیە هەر وەک شوێنەکانیتری کوردستان و ئێران لە ئیداراتیی دەوڵەتی کار دەکەن.
لە ڕووی سیاسیشەوە: هەر لە سەرەتای سەری کار هاتنی کۆماری ئیسلامییەوە، بەشێک لە خەڵکی هەورامان چاڵاکانە لە ریزی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵات (حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە) بە گەرم وە گوڕییەوە بەشدارییان کردوە. بە دەیان وە بگرە بە سەدان قوربانییان داوە هەر ئیستەش هەبوونیان لە نێو هێزە کوردییەکاندا بەر چاوە. ئەو کاتە کە ناوچەکە بە دەست هێزە سیاسیەکانەوە بوو، چەندەها ڕێکخراوی سیاسی کوردی و چەپی ئێرانی لە ئەو ناوچەیە مەقەڕاتیان هەبوو. ناوچە سنووریەکانی هەورامان، ئاخرین ناوچە بوون کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ هێرش بۆ سەر شارەزوور لە سالی 1988 زایینی، توانی داگیری بکاتەوە. سەرەڕای ئەوەی خەڵکی ئەم ناوچەیە، (هەم سۆرانی و هەم هەورامی) سەدان کەسیان لە ڕێگای شۆڕشدا گیانیان فیدا کردووە، دەیان و بگرە سەدان کەسیتریان لە کادیر و پێشمەرگەی بە ئەزموون، بە خۆشییەوە لە ژیاندان کە لە داهاتوودا سەرمایەیەکی گەورەن بۆ هەر ئاڵوگۆڕێک کە بێتە پێش لە ناوچەکە. بە داخەوە لە ناوچەی هەورامانیش هەر وەک زۆر جێگای تری کوردستان، خەڵکانی خۆفرۆش و بەرژەوەندیخواز هەبوون کە پاڵیان دا بە ڕژیمەوەو لە دژی هێزی پێشمەرگە چەکیان هەڵگرت.
ئەشکەوتی قۆڕییقڵا لە گەڵ هەبوونی سەراوێکی گەورە لە ئاوی سارد وە چەندین کەبابخانە وە چێشتخانە لە ناو باخ و باخاتدا، ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆ ناوچەکە ڕادەکێشن. ئەگەر چی قۆڕییقڵا سەر بە شارستانی جوانڕۆیە بەڵام لە سەر ڕێگای کرماشان- ڕەوانسەر- جوانڕۆ- پاوە هەڵکەوتووە کە زۆر لە شاری پاوە نزیکترە. سەراو هەوڵی ئەم شارە بە تایبەت لە هاویناندا، جوانییەکی بێ وێنە دەبەخشێتە شارەکە.
شارستانی پاوە لە سی بەخش پێکهاتووە کە بریتین لە: ١- بەخشی ناوەندی کە ناوەندەکەی شاری پاوەیە وە دوو دێهستانی هەیە، یەکەم: دیهستانی شمشێر کە لە ٨ گۆندێک پێک دێت، هەموو سەر بە هۆزی جاف وە سۆرانین. دووهەم: دێهستانی هۆڵی کە لە١٢ گوند پێک هاتووە، پێکهاتەی خەڵکی ئەم دێهستانە هەورامی وە سۆرانین. لە ناو شاری پاوە بە زۆری هەرە زۆر هەورامین، بەڵام بە هۆی ئەوەی خەڵکێکی بەرچاویش لە گوندە کانی دەوروبەر هاتوونەتە نێو شار، پێکهاتەی سۆرانیش بەرچاون.
٢- بەخشی باینگان کە لە دوو دێهستان پێکهاتووە: یەکەم: ماکوان کە لە ٦ گوند پێکهاتووە. دووهەم: شێوەسەر کە لە ١٢ گوند پێکهاتووە. ناوەندی بەخشی باینگان شارۆچکەی باینگانە. خەڵکی ئەم بەخشە هەموو سۆرانین وە بە زۆری سەر بە تایفەکانی زۆردۆیی، ئیناخی وە باینگانین. ٣- بەخشی نەوسوود: ئەم بەخشەش لە دوو شارۆچکەی نەوسوو (نوسود) وە نۆدشە وە یەک دێهستان (دێهستانی سیروان) پێک دێت کە١٥ گۆند لە خۆ دەگرێ کە بە گشتی هەورامین وە زۆری سەر بە هۆزی لهۆنن. زۆربەی گۆندەکانی ئەم ناوچەیە کە لە سەر سنوور هەڵکەوتبوون لە گەل شارۆچکەی نەوسوود لە شەڕیی ئێران و عێراقدا وێران بوون وە چۆڵکراون. تا ئێستەش زۆر گوند هەیە لە بەر هۆکاری بوونی مین وتەقەمەنی دەورانی شەڕ ئاوەدان نەکراونەتەوە. ئەڵبەتە خودی ڕژیمیش ڕێگیرە لە ئاوەدان بوونەوەی ئە گوندانە. ناوچەی نەوسوود وە نۆدشە و ئەو ١٥ -٢٠ گوندەی دەوروبەری بۆ ماوەی ٥، ٦ ساڵێک یان بەدەستی پێشمەرگەوە بووە یان کەوتووەتە ژێر داگیرکاری حکوومەتی عێراق (لە دەورانی شەڕدا). بۆ ئاگاهداری خوێنەر، ویکی پێدیا نیوی ئەو گوندانەی ناوچەکەی نەهێناوە کە هێشتا ئاوەدان نە بوونەتەوە، وەک گوندەکانی شۆشمێێ سەر وە شۆشمێی خوار، گۆندکانی مەڕەخێڵ، ژاڵە ئەو ناوچانە کە لە شەڕدا وێران کراون.
کەژێک بە بەرانبەر شاری پاوەیە بە ناوی ئاتەشگە. ئەم ناوە لە ئەوەوە هاتووە کە دەڵێن پێش لە داگیرکردنی ناوچەکە لە لایەن عەرەب وە ئیسلامەوە ئەو جێگەیە شوێنی پەرستشگای زەردەشتیەکان بووە کە هەموو کاتێک ئاگری ڕۆشن بووە (وەک مێژوو باس دەکات، کورد پێش لە ئیسلام زەردەشتی بووە).
گڵکۆی سوڵتانی ساق لە ناوچەی شێخان لە سەر ڕووباری سیروانە، کە شوێنێکی پیرۆزە هەم بۆ موسلمانان بە گشتی، وە هەم بۆ یارسانیەکان بە تایبەتی. جێگایەکی دیکە کە دەچن بۆ تەوافی، کۆسەی هەجیجە (پیری شالیار). گرنگی بوونی ئەم شوێنانە بۆ خەڵکی ناوچەکە ئەوەیە کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە ئەو ناوچەیە دەکەن. ئاوی سیروان کە لە پارێزگای کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێ لە بەینی شارەکانی پاوە وە نەوسوودە وە دەڕوات وە دوای مەودایەکی کەم دەگاتە دەریاچەی سیروان لە نزیک شارەزۆر وە دەربەندیخان.
لە ئەم ئاخرانەدا هەوڵدراوە کە ڕێگای شۆشمێ- تەوێڵە لە هەورامانی رۆژهەڵات وە باشوور بکرێت بە دەروازەیەکی نێودەوڵەتی بۆ گەشتیاری وە بازرگانی. ئەگەر ئەم پرۆژەیە سەر بگرێت، بووژانەوەیەکی باش دەبێت بۆ ئابووری ناوچەکە.
تایبەتمەندییەکی دیکەی خەڵکی ناوچەی هەورامان ئەوەیە کە لە ڕابردوودا لە ڕێگای کاری دەستییەوە زۆربەی پیداویستییەکانی ژیان، وەک جل وە بەرگ، کڵاش وە شتی نێوماڵ خۆیان دروستیان کردووە، ئەگەر چی ئێستە لەوانەیە ئەم شتانە زۆر کەم بایەخ بووبێتن.
گۆرانی وە ئاوازی ناوچەی هەورامان تایبەتمەندی خۆی هەیە. دەبێت یان هەورامی بیت یان لە هەوراماندا لە دایک بووبیت تا بتوانی بە چریکەی زوڵاڵی هەورامانی گۆرانی وە سیاچەمانە بچڕیی. جگە لە هونەری گۆرانی لە هەورامان نووسەر وە شاعێرانی باشیش هەن کە هەوڵ دەدەن تا کەلتوور وە زمانی ئەم ناوچەیە بپارێزن. لە باری خوێندنی باڵاوە خەڵکی ئەم ناوچەیە پێشڕەفتێکی زۆر باشیان کردووە.
لە دەورانی دەرەبەگایەتییدا ئەم ناوچەیە لە ژێر دەسلاتی بەگزادەکانی لهۆنەوە بووە کە دیاریترینیان جافر سوڵتان بووە کە بۆ ماوەیەک دەسڵاتێکی زۆری لە ناوچەکەدا هەبووە وە تەنانەت ماوەیەکیش لە حکوومەتی ڕەزا شاه یاخی بووە.
یەک شتی زۆر گرنگ هەیە کە دەبێ باسی لێوە بکرێت، نە بۆ کولاندنەوەی برینە کۆنەکان، بەڵکوو بۆ پێشگیری لە دووپات بوونەوەیان لە داهاتوودا.
هێشتا چوار، پێنج مانگێکی مابوو کە رژیمی مەحەمەد ڕەزا شاە بڕوخێ، خەڵکی شاری پاوە هەر وەک شوێنەکانیتری ئێران وە کوردستان دەستیان دابوو بە خۆپیشاندان دژ بە دەسڵاتی دژە مرۆڤانەی پاشایەتی، ئا لە ئەو کات وە ساتەدا سالار بەگی جاف کە نوێنەری مەجلیسی زەمانی شاه بوو، بە هاوکاری چەند کوێخا وە پیاوی ڕژیم، کۆمەڵێک خەڵک لە ئێرەو ئەوێ کۆ دەکەنەوە وە بە چەند ماشینەوە دەڕۆن بۆ سەر شاری پاوە، بە قەوڵیی خۆیان بۆ خۆپیشاندانی پشتگیری کردن لە ڕژیمی شاه. بەداخەوە تێکهەڵچوون ڕوو دەدات وە چەند کەسێک لە ئەو نێوەدا دەبنە قوربانی.
دووهەم ڕووداوی پیوەندیدار وە مێژوویی ناوچەکە کە شەڕی ڕژیم بۆ سەر کوردستانیشی لی کەوتەوە، ئا بەم شیوەیە دەبێت: پاش ڕووخانی ڕژیمی شاه وە ڕەخساندنی نیوە ئازادییەک (بۆ ماوەی چەند مانگێک) لە ئێراندا، لە شاری پاوەش جموجۆڵی سیاسی دەست پێ دەکات. حیزبی دیموکرات، کۆمەلە، ڕێکخراوە چەپەکانیتری ئێرانی و مەزهەبییەکانی سەر بە بیری ئەحمەدی مفتی زادە هەر یەکەو کار و چالاکی خۆیان دەکەن. چەند مانگێک ئا بەم شێوە تێپەڕ دەبێت. لەئەو ماوەیەدا بەشێک یان خەڵکانێک لە شاری پاوە بە بیانووگەلێکی جوراوجۆرەوە کە مەوزووعی باسەکەی من نییە، داوا لە ڕژیمی تازە بە سەر کارهاتووی ئیران ئەکەن کە بە قەوڵیی خۆیان بۆ پاراستنی ئەمنیەتی شارەکە، هیزی پاراستن (کە ئەو کات لە ناوچەکە بە مجاهید، کۆمیتەیی و پاسدار دەناسران) ڕەوانەی پاوە بکەن. کاتێک کە حیزبەکان و خەڵکی پێشکەوتنخواز بە ئەم پیلانە ئەزانن، مان گرتنێک لە ئاوایی قۆڕییقڵا ڕێک ئەخەن و داوا دەکەن کە بە هیچ جۆرێک ئیجازە نادەن کە کۆمیتەیی و پاسدار لە شوێنەکانیترەوە بێتە شاری پاوە. خەڵکی شار خۆیان دەتوانن ئەمنیەت و ئیدارەی شارەکە بە ڕێوە بەرن. تەنانەت بێجگە لە ئەو مانگرتنەی قۆڕییقڵا، دەڵین هەر بۆ هەمان مەبەست مانگرتنێکیتر لە نزیک ئاوایی نۆریاو ڕێکدەخرێ. دوای نزیک بە یەک هەفتە لە ئەم مانگرتنانە، ڕژیم مەلایەک بە ناوی حاجی ئاخوند لە گەل ئوستانداری کرماشان و چەند بەپرسێک بە هەلیکۆپتەرێک دەهەنێرن بۆ سەردانی مانگرتوان لە قۆڕییقلا بۆ بە ڕەواڵەت، گوی گرتن لە داخوازییەکانیان. بەڵام پاش گەڕانەوی هەیئەتەکەی دەوڵەت، لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان، بە هەلیکۆپتەر هێز ڕەوانەی پاوە دەکەن. کاتێک مانگرتوان بە هاتنی هێز بۆ شار ئاگاهدار دەبن روو دەکەنە شار و لە بەینی گوندی دوریسان و بیمارستانی شاری پاوە شەڕ لە نێوان جاش و پاسدار لە لایەک و خەڵکی مانگرتوو کە بە زۆری سەر بە هێزە سیاسیەکان بوون لە لایەکیترەوە دەست پێ دەکات. ئا بەم شیوەیە شەڕی پاوە دەست پێ دەکات وبە هاتنی خەڵخالی و چەمران بۆ شارەکە و ئیعدام کردنی چەند کەسێک لە دەڤەرەکە و دواتر دانی فتوای جیهادی ئایەتوللا خومەینی لەدژی گەلی کورد، شەڕیی ڕژیم لە دژی گەلی کورد دەست پێدەکات کە تا ئێستەش ئەو شەڕە بە شێوەگەلی جۆراوجۆر هەر بەردەوامە. هیوادارم کەسانێک هەبن کە بتوانن لایەنە شاراوەکانی هەموو ڕووداوەکان بۆ کۆمەڵگا ئاشکرا بکەن تا مێژوو غەدری لێ نەکرێت.
بێجگە لە ئەمانە کە باسکرا شەڕی ناوخۆیی، دیموکرات- کۆمەڵەش هەر لە ئەم ناوچەیە دەستی پێکرد. لە ئەم شەڕە خۆکوژانەدا کە بێجگە لە ڕژیمی ئیسلامی نەبێت کەسییتر قازانجی لێ نەکرد. بە دەیان ڕۆڵەی شۆڕشگێڕی ناوچەکە بوون بە قوربانی و شەڕەکەش کە هەر لە ئەم دەڤەرەوە دەستی پێکرد، بوو بە شەڕیی سەرانسەری، کە نزیک بە پێنج ساڵیی خایاند و سەدان قوربانیتری لی کەوتەوە. من لە ئەم بابەتەمدا ناچمە سەر لایەنەکانی ئەو شەڕانەی کە لە نێوان کۆمەڵە و دیموکراتدا روویاندا، چوونکوو مەزووعی نووسراوەکەی من شتێکیترە. هیوادارم رۆژێک بێت هەر کام لە ئەو دوو حیزبە (کە ئێستە لەت لەت کراون) ئەوەندە شەهامەتیان هەبێ هەر لایەن و ددان بە هەڵەو تاوانی خۆیدا بنێت و داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی قوربانیان بکات. منیش بەش بە حاڵی خۆم تەمەنا دەکەم کە ئەو جۆرە ڕووداوە تاڵانە جاڕیکییتر دووپات نەبنەوە.
لە بەشی سێهەمدا باس لە سەر ناساندنی شارستانەکانی جوانڕۆ و رەوانسەرە. چاوەڕوان بن!
بەشی یەکەم ئەم بابەتە دەتوانێن لێرەوە بخۆێننەوە