بەشێوەیەکی گشتی خۆپیشاندان بریتی یە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ڕێگەی ووتە و کردەوەوە سەبارەت بە ڕووداو و سیاسەت و دۆخێکی تایبەتی.
پرسیارێک بۆ من هاتووەتە پێش، ئاخۆ ئەگەر ئەم برادەرە سەر بە حدکە، خۆ ئەمانیش دوکتور قاسملوو وەک ڕێبەری شەهیدی خۆیان دەزانن، ئەی ئەمە چۆنە ئەم کابرایە جنێو بە ڕێبەری شەهیدی حیزبەکەی خۆی دەدات؟
ئەوەی منی ناچار بە ئەم نووسینە کورتە کرد، ئەم دوو سێ خاڵەی خوارەوەیە.
من لە گەڵ ئەوەدام کە چۆن رێز لە خەبات و تێکۆشانی هەر کەسێک دەگیرێ، ئاواش هەڵەو کەمو کوڕییەکانی بخرێتە پێش چاو، ئێمە هەموومان مرۆڤین، سروشتی مرٶڤ دوور لە هەلەو ئیشتباه نییە. بەڵام بێحورمەتی کردن و جنێودان کاری مرۆڤی نەزان یان نەخۆشە. ئەگەر کەسێکی ئاگاه ئەم کارانە بکات دەچێتە خانەی گومان و تاوانەوە.
من نازانم تۆڵە چیی بە ئەم کابرایە وتووە هیندە قەلسی کردووە، نازانم پێشتر چی لە نێوانیان ڕووی داوە، بەڵام ئەو چەندین جار بە وشەی ناشیرین جنێو بە تۆڵە دەدات، هەرەشی زۆر توندی لێ دەکات.
ئەوەی زۆرتر منی نگران کرد، ئەمە یەکەم جار نێیە لە لایەن هیندێک کەسەوە بە ئەو خەڵکانەی کە ڕۆژگارێک وەک پەناهبەر یان خۆ ئاوارەی شەڕیی عێراق و ئێران لە ڕۆمادیە ژییاون و منیش یەک لە ئەوانە بوومە، لە ئەو پەڕیی نامەسئوولی و دڵڕەقیدا بە پیاوی بەعس دادەنرێن. بە ڕاستی جیگای شەرمە!!!
ئێستەشی لە گەڵ بێت نیوەی ئەندامانی حیزبەکەتان (هەردووباڵەکە) خەڵکی ئەو ناوچەن. لە جیاتی ڕێز لێنایان بی حورمەتیان پێ ئەکەن!!؟؟.
بۆ ئاگاداریتان ٤٠ هەزار کەس لە ئوردووگای ڕۆمادیە ژیاوە کە نزیکی ١٠ هەزاری لە ئەو ئۆردگاە لە دایک بووە کە هەر ناشزانن بۆ بنەماڵەکانیان ئاوارەی عێراق بوونە، لە وانەیە کاک تۆڵەش یەک لە ئەوان بووبێت. لە بەر ئەوەی من لە ڕۆمادیە تا ساڵی ٩٠ی زایینی هاتوومەتە وڵاتی سوید هەڵسووڕاوی سیاسی کۆمەلە بوومە بە ئەو پەڕیی دڵنیاییەوە دەڵێم لە ئەو ٤٠هەزار کەسەی ئۆردووگای ڕۆمادیە لە ٤٠ تا ٥٠ کەس کە بکرێت بە پیاو خراب نێوی لێ بنرێت زیاتر نەبووە کە دەکاتە یەک لە هەزار، ئەمە لە کاتێکدا بووە کە حکوومەتی عیراق زۆر هەوڵی دەدا بۆ بە لاڕێدا بردنی ئەو خەڵکە داماوە. بۆ ئاگادری ئێوە و مێژووش ئەو خەڵکە کە دوو یان سێ ساڵی ئەوەل کە لە کوردستانی باشوور بوون ئەگەر حازر بوایەن شەڕی کوردی باشووریان بکردایەت حکوومەتی بەعس تەبعیدی ڕۆمادێەی نەدەکردن کە هیچ، زۆڕیش خزمەتی دەکردن. بەڵام ئەوان حازر بە خەیانەت کردن لە براکانیان نەبوون و سەدامیش بۆ تۆلە لێ کردنەوەیان ڕەوانەی ڕۆمادیەی کردن کە ڕووبەرووی گەرورەترین نەهامەتی میژوو بوونەوە. تازە ئەگەر سەلیبی سووری جیهانی (خاچی سوور) نەبوایە کە ئەو خەڵکەی بینییەوە، کەس نەیدەزانی لە ئاخرادا حکوومەتی عێراق چی پیلانێکی دەبوو بۆ لە نێو بردنی ئەو ٤٠هەزار کەسە کە ئیستە لە ئیرە ئەوێ بە پیاوانی سەدام ناویان لێ دبرێت!!!؟؟؟
جاڕێکیتر هەر چەشنە بێحورمەتی کردنێک جا بە هەر کەسێک بێت، شەرمەزار دەکەم. لەکۆتاییدا دەڵێم زمانی توند و تیژ لە گەل خۆیدا شەڕیی ناوخۆیی، کوشت و کوشتار دێنێ. بیر لە ئالووگۆرەکان، لە هاوچارەنووسیی، لە خەڵکی کوردستان و لە سبەی کەینەوە. نا بۆ بێحورمەتیی و توندووتیژی! بەڵێ بۆ یەکبوون و هاوخەباتی
عەلی قەنبەری سوید 9-2-2012زایینی
• نوسهر:عەلی قەنبەری