بەشێوەیەکی گشتی خۆپیشاندان بریتی یە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ڕێگەی ووتە و کردەوەوە سەبارەت بە ڕووداو و سیاسەت و دۆخێکی تایبەتی.
33 ساڵە فتواکانی ئینقلاب ئازادیم دەنێژێنن
33 ساڵە مێزەرەکانی ئینقلاب جوانیم دەکووژن
33 ساڵە ڕیشەکانی ئینقلاب مێژوو دەهێنن
33 ساڵە عاباکانی ئینقلاب راستیەکان عابا دەدەن
33 ساڵە سنوورەکانی ئینقلاب ڤایرۆسی دووبەرەکی نەتەوایەتی و ئایینی و رامیاری بە دراوسێکان دەفرۆشن
کورد دەڵێت جام پڕ بوو لێیدەڕژێت ، دڵنیام جامی کۆماری ئیسلامی نەک جارێک 33 جار ڕژاوە، ڤایرۆسەکانی کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی ڤایرۆسەکانی ئیچ 1 و ئین 1 کە بە کوشتنی جەستەیەک تێر نابن، کەواتە پاش کووشتنی جەستەی ئێران، یاسای نێودەوڵەتی، جوغرافیای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیان ڤایرۆساوی کردووە. کۆماری ئیسلامی بە پێی یاسایەک دەبێت لەگۆڕ بنرێت. ئەگەرچی لە لەگۆڕنانی زوڵمدا زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی پێش ئێمە کەوتن، بەڵام هندێکیان لەبەهاردان و هندێکی تریشیان لەکۆتایی زستاندان. دڵنیام هەمان بەهاری گەلان کۆتایی بە زستانی ئاخوندەکانی 22 بەهمەن دەهێنێت ئەگەرچی لەسەرەتای دەستپێکردنداین بەڵام بەهاری ئێران بە ئاشکرا بانگمان دەکات. بەهاری گەلانی ئێران نەک ئەو بەهارەی پێی بگووترێت بەهاری ئێران، ئەم بەهارە دەبێتە بەهارێکی نێودەوڵەتی و بەهاری گشت مرۆڤایەتی. ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناو چوارچێوەی راستەقینەی ئایینی ئیسلامیشدا ناگونجێت و ناهێتەوە.
هەرچەند باسکردنی زڕیای زوڵمی کۆماری ئیسلامی بەهەزاران پێنووس و کاغەز لەبن نایەت، بۆیە ناچاراین ئەگەر بتوانین وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی دڵۆپێک لە دەریای زوڵمی کۆماری ئیسلامی بناسێنین. کۆماری ئیسلامی تەنیا لە بواری ئازادی کولتوری و رووناکبیریدا پتر لە 5 زمانی ناو چوارچێوە جوغرافیایەکەی ئەمڕۆی خۆیدا خنکاندووە،لەوانە زمانەکانی کوردی ، عەرەبی، ئازەری ، بەلوچی و لوری کە هندێک بە بەشێک لە زمانی کوردی دەزانن. ئەگەر هەر نەتەوەیەک لەم نەتەوانە جارێک بەدەستی کۆماری ئیسلامی خنکێندرابێت، ئەوا بە دڵنیایەوە گەلی کورد چەندان جار خنکێندراوەو هەوڵی سڕینەوەی دراوە. لەبواری ئازادی سیاسیشدا کۆماری ئیسلامی نەک دیکتاتۆری بەڵکوو سنووری دیکاتۆریشی تێپەراندووە. زیاد لە 30 پارتی سیاسی و چەند ملیۆن هاوڵاتی گەلانی ئێران ناچار بوون ئێران بە جێبهێڵن، ئەویش لەبەر ترسی لەناوچوون و پەتی سیێدارەو بەندو چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا، بۆیە دواجار ژیانی غەریبی و تاراوگەیی و دڵتەنگی، بەڵام ئازاد دەبێتە چارەنووسیان. ئەمە جگە لە زوڵم و زۆری دیکە لەناوخۆو ، لەوانە گرتن و ئەشکەنجەدان و کوشتنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی کە وەک ڕەوت و سیاسەتێکی رژێمی ئێران هەتا هەنووکەش بەردەوامە بەتایبەت بەرامبەر بە ڕۆڵەکانی گەلی کورد کە ڕۆژانە دادگاکانی ئینقلاب بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەردەکات. بەڵگەی راستی ئەم ئیعدامانەی کۆماری ئیسلامی، ئامارو راپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئیعدامە کە ئێران لەدوای چین پلەی دووەم وەرگرتووە.
ئەگەریش ئاورێک لە ئابووری ئێران بدەینەوە، ئەوا سیاسەتی نەگریس و رووی رەشی زیادتر دەردەکەوێت بەتایبەت بەرامبەر بە نەتەوە بندەستەکاندا، کە زیاتر لە 50% خەڵک لە ژێر هێلی هەرژاریدان ، ئەوە لەکاتێکدایە ئێران بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی دنیا دادەنرێت لەبواری سەرچاوە سرووشتیەکانی وەک نەوت و گاز و هتد. وەک هەمووشمان باش دەزانین ئێران بەرهەمی ئابووری خۆی زیاتر بۆ پشتگیری لە گروپە تیرۆریستەکانی حەماس و حیزبولا و هەروەها بۆ بەهێزکردنی بواری سەربازی خۆی بەکاردەهێنێت.
وەک تاکێکی کۆمەڵگەکەم هاورام بۆ گەلانی چەوساوەی ئێران بەتایبەتی گەڵی بەشمەینەتم کورد ئەوەیە کە دەبێت بزانین کاتمان زێرە، هەرچواردەورمان زستانی زوڵمە کە بەرەو کۆتایی دەچن. هەر دیکتاتۆرێک وەک سەهۆڵ بەرەو تواندنەوە لەناوچوون دەڕوات. واهەستدەکەم ئێمەش لە کۆتایی زستانداین ، بەهارمان بە ئاشکرا بانگمان دەکات، مژدەی لەگۆڕنانی 33 جاری کۆماری ئیسلامی بۆ هەتاهەتایە دەدات
• نوسهر:شاهرۆخ مرادی