0
پەندیپیسینان
دەوری ڕواندزیەکان لە دەوڵەمەند کردنی پەندی پێشینانی کوردیدا
Friday, 29 July 2011 00:32
دەوری ڕواندزیەکان لە دەوڵەمەند کردنی پەندی پێشینانی کوردیدا
 
پەندی پێشینان لقێکە لە زمان و ئەدەب و کەلتوری گەلان و هەڵقولاوی ناخ و دەروونی باوک و باپیرانە ، کەسێک بە دەربڕینی ڕستەیەک یان دوو ڕستە بەئاراستەکردنی پەلار(تعلیق) یان

ئامۆژگاری بۆ بەرامبەرەکەی لە کاتی گفتوگۆدا بەکاری دەهێنێت ، ووشەکانی تامی ئاو و هەوای ناوچەکەی لێدێت و هەردەڤەرێک بە لەهجە و شێوە زمانی خۆی دەری دەبڕێت بۆیە چێژێکی تایبەت بە خوێنەر یان بیستراو دەبەخشێت.

ڕواندزیش وەکو یەکێک لە دەڤەر و ناوچە کوردیەکان خاوەنی داب و نەریت و کەلتورێکی جیان و بەشێك لەم کەلتورە دەربڕینی چەندین پەندی پێشینانە کە تێکەڵاوی گفتوگۆیەکانیان دەکەن ، ئەم پەندانە زۆر جار هەبووە لە (گوڵە خانی) دایکمەوە گوێم لێ بووە ، بەڵام با ئەم ڕاستیەش لە بیر نەکەین کە هونەرمەندی کۆمیدی کاک (ئیبراهیم حەکیم) بە ڕێگای کارە هونەریەکانی دەوری دیاری هەبووە لە پاراستن و زیندووکردنەوەی ئەم سامانە نەتەوایەتیە ،خۆزگە کەسێک یان دەستەیەک لە ڕوشبیرانی ئەم دەڤەرە هەڵسابان بە کۆکردنەوەی ئەم پەندانە بە ڵێکۆڵینەوەیەکی زانستی لە فەوتاندن و لە ناوجوون ڕزگاریان بکردبایە و ئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشە کە پشتگیری لایەنی ماددی و مەعنەوی ئەم پرۆژە گرنگەیە بکەن .

جا لێرانەدا بە پێویستی دەزانم هەندێک لە پەندەکان هەر بە شێوە زمانی ڕواندزیانی بۆ خوێنەران بڵاوبکەمەوە کە هەندێکیان هەر لە سنوری ئەم دەڤەرە ماون و تێنە پەڕیون و هەندێکی تریان گواستراونەتەوە بۆ دەڤەرەکانی تر و بوونەتە سامانی گەل .

١-ئەرێی بەڕووی لە دەوی تەقینە ، واتا (هەر دەڵێی بەڕوو لە دەمی تەقیوە ). ئەوکەسەی کە دەری دەبڕی مەبەستی پەلار دانە لەوکەسەی کە هیچ قسەیەک ناکات و بێ دەنگە.

٢-ما ئەمن سەرم لەبەر هەتاوێ سپی کردینە...... یان دەڵێ خۆ ئەمن سەرم لەبەر هەتاوێ سپی نەکردیە ، واتا ( من لە ژێر تیشکی خۆر قژم سپی نەکردووە) مەبەستی دەربرینی لەوە دێت کە کەسێکی گێل و گەوچ نیە تاکو خەڵک فێڵی لێ بکات.

٣-تەیرەک ئەگەڕێ قوف و قوف ، تەیرمانای باڵندەیە کە لە ئاسمان دەنگی دێت و بە ئاشکرا قیقە قیقی دەکات ، مەبەستی زانینی نهێنی کەسێکە کە هەموو خەڵک دەزانێت و نهێنیەکەی ئاشکرایە.

٤-کەس ناچیتە قەبرێ کەس ، ئەمە واتاکەی دیارە مەبەستی گوناح و تاوانی هیچ کەسێک بۆ هیچ کەسێکی تر ناچێت و هەریەکە زەرەر و قازانج و باش و خراپ بۆ خۆیەتی.

٥-ددانەکی بە هەزار ساری هاتیە واتا( یەک ددانی بە هەزار ساڵ هاتووە) مەبەستی کەسانی قرچۆک و رەزیلە.

٦-گوی ناکە هەتا برسی نەبی ، ئەویشیان مەبەستی هەر کەسانی رەزیل و قرچۆکە.

٧-هەربا مووەک لە بەرازی ببیتەوە ، واتا (یەک موو لە بەراز ببیتەوە) دوو مەبەست دەردەبڕێت یەکێکیان زۆری ئیش و کارە هەندێکی تەواو بکەی باشترە ، ئەوی تریان مەبەستی لە کەسێکە کە قەرزدار بێت و قەرزەکەش نەداتەوە یان رەزیل و قرچۆک بێت شتێکی لێ بسێنیتەوە جا یان پارە بێت یاخود کەل و پەلێک شتێک بێت.

 

٨-هەتا گوندۆرن گوندۆر بوون ، خزمیشن گەرەک زۆر بوون

کە گوندۆر جوونە قڕانێ ، خزمیشن جوونە بڕانێ

ئەمەیان بە شێوەیەکی تریش وتراوە ، گوندۆر مەبەستی گوندۆرەیە (کاڵەک) مەبەستی لە دەوڵەمەندی و دەست رۆیشتی و دەسەڵات دێت کە لەو کاتەدا خزم و کەس زۆرن ئەوەی خزمیش نەبێت خۆی دەکاتە خزم بەڵام کە ئەم دەڵەمەندی و دەست رۆیشتی و دەسەڵاتە نەمان خزمیش نامێنێت

چالاک میرانی

‌ • نوسه‌ر:چالاک میرانی
488جار بینراوه‌  ◊ کۆدی هه‌واڵ:191
Share/Save/Bookmark